سبەینێ، پارتی کەرنەڤاڵێکی گەورە لە سۆران سازدەکات

 سبەینێ، پارتی کەرنەڤاڵێکی گەورە لە سۆران سازدەکات
سبەینێ شەممە،‌ لە سۆران كەرنەڤاڵێكی گەورەی جەماوەری بۆ پشتیوانی لە لیستی 184ـی پارتی ساز دەكرێت.

بانگەشەی هەڵبژاردن تا دێت گەرمتر دەبێت، پارتی دیموكراتی كوردستان كە بە ژمارە 184 بەشدارە و كارنامەی لیستەكەی راگەیاندووە و لە كارنامەكەدا هاتووە پارێزگاری لە مافە دەستوورییەكان و قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكات.

عەلی عەونی، بەرپرسی لقی 10ی پارتی لە سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: بەو پەڕی ئارامی و بێ هەراسان كردنی خەڵك، پارتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكات، سبەی شەممە كاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ بە ‌ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، كەرنەڤاڵێكی گەورە بۆ پشتیوانی لە لیستی 184 و كاندیدەكانی پارتیمان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەو یاریگایەی كە دەكەوێتە ناو بازاری سۆران ساز دەكەین.

گوتیشی: ئەو جۆش و خرۆشەی لەناو رێكخستنەكانی پارتییدا، ئەو رووگەشییەی لە شەقام ئێمە دەبینین، ئەوە پیشان دەدات كە گەلی كورد دەیەوێت پارتی دیموكراتی كوردستان، پرۆژەی سەربەخۆیی كوردستان، پاش ریفراندۆم بەردەوامی پێ بدات تا دەگاتە قۆناغی كۆتایی، خەڵكی كوردستان باوەڕی بە سەركردایەتی پارتی و سەرۆك بارزانی هەیە، پاش ئەوەی ئەوان نوێنەرایەتی خۆیان دایە دەست سەرۆك بارزانی بۆ سەربەخۆی.

لەبارەی ئامادەكارییەكان، بەرپرسی لقی 10ی پارتی لە سۆران دیاركرد، كەوا تەواوی ئامادەكارییەكان كۆتایی هاتووە و ڕۆژی شەممە پێشوازی لە جەماوەری سەربەرزی پارتی و كەسایەتییەكانی سنوورەكە دەكەن.
عەلی عەونی، بەرپرسی لقی 10ی پارتی لە سۆران ئاماژەی بەوەش كرد، لە هەر شوێنێك كە پارتی دەسەڵاتدارە، لەو شوێنە ئەمن و ئاسایش، ئاوەدانی و پێشكەوتن هەیە، خەباتی پارتی تێكۆشانە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، گەشبینیەكی زۆر هەیە و دڵنیاین دەنگی پارتی زۆر بەرز تر دەبێت لە جاران".
kdp -
Top