پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوا: دەنگ بە لیستی 184ی پارتی دەدەین
پارتی، لە پێش هەموو شتێكەوە مافی پێكهاتەكانی داناوە و لە خەباتی بەردەوامیشدایە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كورد، یەكێك لە بەرنامەكانی پارتییش، جێبەجێكردنی دەستوبردی ماددەی (140)ـە بە ئاساییكردنەوە و سەرژمێری و راپرسییەوە و كۆتاییهێنان بە رەوشی ناجۆری كەركووك و كۆی شار و شارۆچكەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. هەروەها قەرەبووكردنەوەی تەواوی زیانلێكەوتوانی رووداو و شاڵاوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ـیە.
سمۆ خەلیل، هاووڵاتییەكی دانیشتووی باشیكی دەشتی نەینەوایە، دەڵێ: "دەنگی ئێمە بۆ پارتییە، چونكە تەنیا پارتی خەباتی كردووە و قوربانی داوە، لە بیریشی ناكەین كە هێزی پێشمەرگە بە خوێن و قوربانیدان، ناوچەكانی ئێمەی لە ژێر دەستی داعش ئازاد كرد، بۆیە دەنگ بە لیستی ژمارە 184 و كاندیدەكانی دەدەین".
خالید مورادی هاووڵاتی، گوتی: "لیستی پارتی، لیستی بەرگری و شەهیدان و پاراستنی كەڕامەت و گەڕاندنەوەی ناوچەكانی ئێمەیە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بۆیە رۆژی هەڵبژاردن روو لە سندووقەكانی دەنگدان دەكەین و دەنگی خۆمان بە پارتی و كاندیدەكانی ئەو حزبە دەدەین".
یوونس حوسێنیش، گوتى: "لیستی ژمارە 184، لیستی ئاوەدانی و ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەكانی ئێمەیە، چونكە تا پێشمەرگە لە ناوچەكە بوو، هیچ كێشەیەك نەبوو، بەڵام ئێستا كە حەشدی شەعبی لە ناوچەكەیە، رۆژانە كێشە هەیە، بۆیە رۆژی هەڵبژاردن دەنگ بە پارتی و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەدەین بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئارامی بۆ ناوچەكانی ئێمە بگەڕێتەوە".
سلێمان تەمۆ، كە هاووڵاتییەكی دیكەی دەشتی نەینەوایە، روونی كردەوە: "هێزی پێشمەرگە توانی ناوچەكانی ئێمە ڕزگار بكات و ئەمن و ئاساییش بۆ ناوچەكە بگەڕێنێتەوە، بەڵام پاش خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، جارێكی دیكە حەشدی شەعبی دەستی بەسەر ناوچەكەدا گرت، بۆ ئەوەی سەر و ماڵمان پارێزراو بێت، ئاوارەی كوردستان بووینەوە، ئێستایش چاوەڕوانی رۆژی هەڵبژاردن دەكەین بۆ ئەوەی دەنگ بە لیستی ژمارە 184 بدەین، تا جارێكی دیكە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەكانی ئێمە و ئەمن و ئاساییش بەرقەرار ببێتەوە و داكۆكی لە مافەكانی ئێمە بكات".
KDP
