خەڵکی شێخان پاڵپشتییان بۆ لیستی ١٨٤ دووپات کردەوە
پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ١٨٤ لە ژێر دروشمی (دەستکەوتی زیاتر بۆ کوردستان) پشکداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات و بە پێی پێشبینیی دەزگا ڕاپرسییەکان پارتی یەکەمی کورد دەبێت، زۆربەی کورسییەکانی هەرێم دەبات و دەنگەکانی زیاد دەکات.
دەلیل ڕەمەزان، کەسایەتی لە قەزای شێخانەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "بۆیە دەنگمان بۆ لیستی ١٨٤ـە چونکە پارتییە شەڕ بۆ پاراستنی خاکمان دەکات و بەرگری لە مافە نەتەوەیی و ئایینییەکانمان دەکات و ئامانجەکانی بریتییە لە گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ باوەشی کوردستان و ناوچەکانیشمان لەو ناوچانەن و ئێمە بڕوایەکی تەواومان بە سەرۆک بارزانی و پارتییە کە دەتوانیت هەموو دەستکەوتە نەتەوەییەکان بەدەست بێنیت."
لەو بارەیەوە ڕۆژنامەنووس بارزان مزووری، خەڵکی قەزای شێخان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت: "بە دڵ و گیان پشتیوانی لیستی ١٨٤ دەبین، چونکە بینیمان چۆن بەرگری لە مافە نەتەوەییەکانی کوردستان دەکات و بینیمان کاتێک داعش گەیشتە نێزیک قەزای شێخان چۆن کادر و لایەنگرانی پارتی لە هێڵی پێشەوە بوون و بەرگرییان لە خاکی نیشتمانمان دەکرد و چەندین شەهیدیان دا لە پێناو پاراستنی کەرامەتی تاکی کورد و خەڵکیش وشیارە و دەزانێت کێ بەرگری لێ کردن و کێ موزایەدات و قسەی بێبنەما دەکات."
پەیوەست بەمەش، عیزەت دەرمان، پێشمەرگە لە سنووری قەزای شێخان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "تاکە لایەن بەرگری لە مافە ئایینییەکان دەکات و سەرۆک و سەرکردە و لایەنگرەکانی لە سەنگەری پێشەوەی جەنگ بن پارتییە، هەربۆیەش دەنگمان بۆ پارتییە بۆ ئەوەی بۆ نەیارەکانمانی بسەلمێنین تەنیا پارتی و بارزانییە دەتوانێت بەرگری لە مافەکانمان بکات و بمانپارێزیت."
قەزای شیخان ناوچەیەکی کوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە و چەندین پێکهاتە و ئایین و ئایینزا تێیدا دەژین.
kdp -
