نێچیرڤان بارزانی: ئێران لە بواری جیاجیادا دراوسێیەکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێک لە قسەکانیدا گوتی: "گفتوگۆکانی ئەم دوایەی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدراڵی هەندێک لە کێشە و گرفتەکانی تایبەت بە دەروازە و خاڵە سنوورییەکان و گومرگ و بازرگانی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر کردووە، گفتوگۆ و هەوڵی بەردەوامیش لە هەردوولا هەیە، کە تەواوی کێشەکانی ئەو بوارە بە زوویی چارەسەر بکرێن، ئەمەش دەبێتە هاوکار و پاڵپشتێکی دیکە بۆ فراوانکردنی بازرگانی و چالاکییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان عێراق بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران".
دەقی وتارەکەی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
بەڕێزان
دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە سکرتاریەتی ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەڕێز وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بەوەکالەت و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لەم مەراسیمە بەشدار بوون و ئەم کۆنفرانسەیان ڕێک خستووە و هەموو لایەکتان بەخێر بێن.
هیوادارم ئەمە ببێتە هۆی هەڵێنانی هەنگاوی کاراتر، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی و هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێوەیەکی گشتی و یارمەتی بدات، بۆ ئەو کێشانەی کە لە نێوانی ئێمەدا هەیە و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئێران کە لە زۆر لاوە بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە و پێویستیان بەهاوکاری و هاوبەشە گرنگییەکی گەورە بە پەیوەندیی ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی دەدەن، بۆیە بە بایەخەوە لەم کۆنفرانسە دەڕوانێت و پشتگیری لێ دەکات و پشتگیری لە هەر کار و چالاکییەکی دیکەش دەکات، کە ئامانجی ئەوە بێت و ببێتە هۆی پەرەپێدان و بەرەو پێشبردنی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر لەم ڕوانگەیەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام کاری کردووە، بۆ ئەوەی پەرە بە پەیوەندییەکانی بدات و فراوان و هەمەجۆریان بکات.
قەبارەی بازرگانی ساڵانەی کوردستان و ئێران لە عێراقدا دەگاتە نزیکەی شەش ملیار دۆلار تا شەش ملیار و نیو دۆلار، ئەمەش زیاتر لە ٢٥٪ی کۆی گشتی هاوردەکردنی بۆ هەرێمی کوردستانە، جگە لە فڕۆکەخانەکان و پارێزگاکانی خواروی عێراق، هەرێمی کوردستان ٦٧٪ی هاوردەی ئۆتۆمبێل لە سنوورەکانی ئێرانەوە ئەنجام دەدات، هەروەها ٣٥٩ کۆمپانیای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان لقیان هەیە، کە زۆربەیان لە بواری بازرگانیدا چالاکن و کار دەکەن، ئەمە وێڕای هەبوونی ١٣٥ کارگەی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان، کە سەدان دەرفەتی کاریان لە بوارە جیاجیاکاندا ڕەخساندووە.
کۆی ئەو چالاکییە بازرگانییانەی هەرێمی کوردستان لە هەر سێ خاڵە سنووری نێودەوڵەتی پەروێزخان، حاجی ئۆمەران و باشماخەوە ئەنجام دەدرێن، لەگەڵ پێنج خاڵی سنووری لاوەکی دیکە هەوڵ دەدرێت هەندێ لەوانەش بکرێنە دەروازەی نێودەوڵەتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جدی داوە و کار بۆ ئەوە دەکات، کە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی بازرگانی ئابووریدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ناوچەیەکی ئازادی بازرگانی لە خاڵی سنووری پەروێزخان دروست بکات، بۆ ئەم مەبەستەش حکوومەت هەندێک هەنگاوی کردەی ناوە و شوێنی تایبەتی بۆ دەستەبەکاربونی دامەزراندنی ئەو ناوچەیە دابین کردووە، بەڵام هێشتا لە هەردوولا لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراقیش هەنگاوی کاراتر بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە پێویستە.
هیوادارین ئەم کۆنفرانسە هاوکار بێت بۆ زەمینەخۆشکردن و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتەکانی بەردەم پرۆژەکە و بتوانین بیخەینە سەر ڕێچکەی جێبەجێکردن.
بەڕێزان
گفتوگۆکانی ئەم دوایەی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدراڵی هەندێک لە کێشە و گرفتەکانی تایبەت بە دەروازە و خاڵە سنوورییەکان و گومرگ و بازرگانی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر کردووە، گفتوگۆ و هەوڵی بەردەوامیش لە هەردوولا هەیە، کە تەواوی کێشەکانی ئەو بوارە بە زوویی چارەسەر بکرێن، ئەمەش دەبێتە هاوکار و پاڵپشتێکی دیکە بۆ فراوانکردنی بازرگانی و چالاکییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان عێراق بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕێکخستنەوەی کار و چالاکی بازرگانی ئابووری لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور دەبێتە هاندەرێک بۆ بازرگانان و خاوەن کار و وەبەرهێنەران لە هەرێمی کودستان عێراق لەگەڵ ئێران دەرفەتی باشتری کار و بازرگانییان بۆ بڕەخسێت و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێرانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر بکرێ، کە ئەوە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکان ئێمە و کاری جدی و بەردەوامی بۆ دەکەین.
لێرەوە ئەم کۆنفرانسە بە دەرفەت دەزانم کە داوا لە کۆمپانیاکان، بازرگانەکان، خاوەن کاران و وەبەرهێنەرانی ئێرانی و هەرێمی کوردستانی عێراق بکەم، بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی سەرمایەگوزاری و کار و پرۆژەی هاوبەش لە نێوان خۆیاندا زیاتر فراوانتری بکەن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە هەموو هاوکاری و پشتگیری و ئاسانکاریەک پێشکەش دەکات.
هەرێمی کوردستان سنوورێکی درێژی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە و دوو بازاڕی لە یەکتر نزیکن، بۆیە دەکرێت زۆر لەوە زیاتر کە ئێستا هەیە هەموو بوارە بازرگانییەکانی نێوان هەمەجۆرە و فراوانتر بکرێت، گەل و کۆماری ئیسلامی ئێران دۆستی دێرینی گەلی کوردستانن، لە ڕۆژانی تەنگانەدا ئێران بەسەر پەنابەرانی کوردستانیان کردووەتەوە و داڵدەی داون و هاوکاری کردوون، هەروەها لە شەڕی داعشدا یارمەتی پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کردووە، کە ئەوە جێی ڕێز و تەقدیری هەمیشەی حکوومەت و گەلی کوردستانە لە عێراقدا، گەلی کوردستان ئەو ڕۆژانە لە بیر ناکات هەمیشە بەچاوی ڕێز و پێزانینەوە سەیری مێژووی پەیوەندی لەگەڵ ئێران دەکات، ئێران دراوسێیەکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەرفتەتی کار و بازرگانی و هاوکاری و هەماهەنگی لە زۆر بواری دیکەشدا لەگەڵ ئێران هەیە، بۆیە چاومان لەوەیە هەمیشە پەیوەندی باشمان لەگەڵ یەکتردا هەبێت، پێمان وایە و کار بۆ ئەوە دەکەین کە پەیوەندییەکانمان بەتایبەتی پەیوەندی بازرگانی و ئابووری درێژخایەن و ستراتیژی بن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
هەرێمی کوردستان و عێراقیش لە زۆر بواری دیکەدا بەتایبەتیش لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵدا پێویستیان بە پسپۆڕان و شارەزای و ئەزموونی سەرکەوتووی ئێران هەیە لەم بوارەدا و کار بۆ ئەمە دەکەین و پلانمان هەیە کە لەو بوارانەدا هاوکار بین و هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش بکەین.
لە کۆتاییدا دووبارە هەموو لایەکتان بەخێربێن و دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم، هیوادارم بۆ برەودان و بەرەوپێشبردنی زیاتر ئاڵوگۆری بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئەنجامی باشی لێ بکەوێتەوە و لەو پێناوەدا کۆمەڵێک ڕاسپاردە و پێشنیاری ئەرێنی پێشکەش بە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەردوولا بکەن.
جارێکی دیکە زۆر بەخێربێن سەرچاو و دووبارە بەخێرهاتنی ئاغای شەریعەتمەداری کە ئەمڕۆ تەشریفت هێناوە بەخێر بێیت زۆر سوپاس.
باسنيوز
