فازڵ بەشارەتی: هەموو لایەنەکان دژی یەکەن و پێکەوەش پەلاماری پارتی دەدەن

 فازڵ بەشارەتی: هەموو لایەنەکان دژی یەکەن و پێکەوەش پەلاماری پارتی دەدەن
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی ڕای دەگەیەنێت، لە سنوورەکەدا بانگەشەیەکی سەخت هەیە، هەموو لایەنەکان پەلاماری یەک دەدەن، بەڵام پێکەوەش پەلاماری پارتی دەدەن.

فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵەبجە و ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ڕايگەیاند: "زۆنی تەنیا ئێستا سەوز نییە، بەڵکوو هەمە جۆرە و چەندین لایەنی تێدایە، پێشتر لەگەڵ لایەنێکی ڕووبەڕوو دەبووینەوە، ئێستا چەندین لایەنی بێ بەرنامە و پرۆگرامی کار ڕووبەڕوو دەبینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە توانیومانە وەک پارتی لە ڕێنمایی سەرکردەکانی خۆمان دەرنەچین، کە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن پیادەی دەکەن".

ئەو ئەندام سەرکردایەتییەی پارتی ڕوونیشی کردەوە: "لەو سنوورەدا بانگەشەی هەڵبژاردن لە نێوان لایەنەکاندا زۆر سەختە، بەڵام پارتی جیاوازە لەوان، چونکە لایەنەکانی دیکە هەموویان لە کاتی بانگەشەکاندا پەلاماری یەکتری دەدەن، ئینجا بە هەموویانەوە پەلاماری ئێمە دەدەن، بەڵام نە پەلاماردانەکانی پێش بانگەشەی هەڵبژاردنیان و نە ئێستا نە دوای هەڵبژاردن، کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر مەعنەویات و دەنگدەر و کار و چالاکی ئێمە نەبووە، چونکە ئێمە ڕێڕەوێکمان گرتووە، کە ڕاستی و خەبات و کوردایەتییە، هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە ڕێڕەوی ئێمە جیاوازە و ڕێڕەوەکەی ئەوانیش کەمترین ڕێبواریان بەدوادا دێت".

فازڵ بەشارەتی گوتیشی: "تەواوی خەڵکی کوردستان شاهیدی لەسەر ڕابردووی ئێمە و ئەوان دراوە، ئەوان لە ڕابردوودا نەیانتوانیوە بەرگریکاری بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان بن، هەروەها ئەو هەموو کارەساتە گەورە یەک لەدوای یەکە ڕووی لەلایەن ئەوانەوە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا بینیمان سەرۆکی فراکسیۆنەکانیان لەسەر لیستەکەی عەبادی خۆیا هەڵدەبژێرن و بانگەشەی بۆ دەکەن و پەیامی نائومێدی بە خەڵکی کوردستان دەدرێت، ئەوەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی و گلە و گازەندەی تەواوی خەڵکی کوردستان".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو کارانەی لایەنەکان کردوویانە، دەبێتە هۆی دابەزاندنی کورسییەکانیان لە بەغدا".










باسنيوز
Top