ڕێكخراوێكی ئەمریکی لە سۆران بنكەیەكی تەندروستی دەكاتەوە
مینا تەها، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سۆران، راگەیاند: "ڕێكخراوی ئەمریكی ((World Orphans - WO بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سۆران و ژمارەیەك لە خەمخۆرانی دەڤەرەكە، بنكەیەكی تەندروستییان بەناوی (چارە) لە گەڕەكی ئازادیی شاری سۆران کردەوە، كە ئەم بنكە تەندروستییە تایبەتە بە ئاوارەكان، هەروەها هاووڵاتییانیش بە هەمان شێوە و بە شێوازێكی سەردەمیانە خزمەتگوزاریی تەندروستیی پێشكەش بە نەخۆش دەكات".
گوتیشی: "ئەم بنكەیە لەسەر ئەستۆی ڕێكخراوی ئەمریكی ((World Orphans - WO دروست كراوە و بە شێوازێكی سەردەمیانە دوێنێ دووشەممە 30-4-2018 بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و سۆران و پزیشك و كارمەندانی تەندروستی و قائیمقامی سۆران و نوێنەری رێكخراوی ئەمریكی و ژمارەیەك لە میوانان بە فەرمی كرایەوە.
باسنیوز
