داواكاری گشتی لەسەر سوكایەتی بە ئافرەتە كاندیدەكان دێتە دەنگ
سەرۆكایەتی داواکاری گشتی لە بەیاننامەیەکدا كە ئەمرۆ 30ی نیسان دەرچووە ، ئەوەی تێدا خراوەتەڕوو، "لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا لە تەواوی لیستەکان بەشداری کارای ئافرەتان هەیە وەکو کاندید، ئێستا لە عێراق و کوردستان هەڵمەتێکی سوکایەتیکردن و ناوزڕاندن بە کاندیدان بەتایبەت کاندیدە ئافرەتەکان و ژنەكان بەرێوە دەەچێت''.
روونیشی كردووتەوە، "لێرە و لەوێ لە هەندێک سایت و دەزگای ڕاگەیاندن و پەیجە كۆمەڵایەتیەكان گرتەی ڤیدیۆیی دروستکراو و ساختە لەسەر ئافرەتە کاندیدەکان بڵاودەکرێتەوە کە هەموو ئەمانە سوکایەتیکردنە بە ئافرەتانی کورد".
داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەم جۆرە کارانە پێشێلکاری مافی مرۆڤە بێ جیاوازی هیچ ڕەنگ و ئایدیایەکی سیاسی.
ئەوەش ئاشکراکراوە، ڕێکاری یاسایی دەگرنەبەر بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک کە ئەم کردەوە تاوانییە ئەنجام دەدات.
داواكاری گشتی جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە بەپێی چەندین ماددەی یاسای داواكاری رێكاری یاسایی دەگرنەبەر بەرامبەر ئەو كەسانەی ئەو كارانە دەكەن.
باسنیوز
