برایەکی فەرهاد پیرباڵ هۆشداریی دەداتە لایەنە سیاسییەکان
زیاد قەساب، برای فەرهاد پیرباڵ لە لێدوانێکدا بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، کە فەرهاد دەستگیر نەکراوە و ئەشکەنجەش نەدراوە، بەڵکو دەستبەسەرە بۆ چارەسەرکردن، ”سێ دکتۆر چارەسەری دەکەن“.
زیاد قەساب لەبارەی ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاوسۆزی بۆ فەرهاد پیرباڵ دەردەبڕن، رایگەیاندووە، هەرگیز کەسێک بۆ فەرهاد ”لە ئێمە دڵسۆزتر نییە، ئێمە خۆمان داوامان لە حکوومەت کرد چاودێریی بکرێت، چونکە فەرهاد نەخۆشە“.
ئەو برایەی فەرهاد پیرباڵ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە براکەی لەگەڵ بکوژ و دزەکان زیندانی نەکراوە، بەڵکو لە ژوورێکی تایبەتە و چارەسەر وەردەگرێت، رەتیشی دەکاتەوە رێگریی لە سەردانی خزموکەسەکانی کرابێ و گوتویەتی، ”دوێنێ خوشکم لای بوو“.
زیاد قەساب هۆشداریی بە حزب و لایەنەکانیش دا، کە دەستبەسەرکرانی فەرهاد پیرباڵ نەکەنە هۆیەک بۆ دەنگ کۆکردنەوە و بانگەشەی هەڵبژاردن و بابەتەکە بە سیاسی نەکەن، لەکاتێکدا زۆربەوی ئەوانەی ئێستا دەنگۆی دەستگیرکرانی فەرهاد بڵاو دەکەنەوە، پێشتر گرتەی ڤیدیۆییان دەگرت و پێی پێدەکەنین و ”ئێمەش لەو کاتانەدا بۆ فەرهاد دەگریاین“.
قەساب لەجیاتی براکەی داوای لێبووردنی لە هەموو کەسانەش کردووە، کە رۆژێک لە رۆژان فەرهادی برای ”سووکایەتی“ پێ کردوون، چونکە ”فەرهاد نەخۆشە و ئاگای لەخۆ نەبووە“.
باسنيوز
