ئاڵا تاڵەبانی ٤٠ ملیۆن دۆلاری لەلایەن عەرەبە شیعەکانی عێراقەوە پێ دراوە
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی نزیک لە کۆسرەت ڕەسووڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتییەوە دەستی کەوتووە، لە ماوەی ڕابردوودا گرووپێکی حەوزەی عیلمیی نەجەف سەردانی کۆسرەت ڕەسووڵیان کردووە و لە میانی دیدارێکیاندا ئەوەیان درکاندووە کە چەند لایەنێکی شیعە، بڕی ٤٠ ملیۆن دۆلاریان بە ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی سڕکراوی سەرکردایەتیی یەکێتی داوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو بڕە پارەیە وەک پاداشتی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ئەو هەڵوێستانەی کە دژی سەربەخۆیی کوردستان و هەرێمی کوردستان، هەروەها پشتیوانیکردنی لە دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی، پێ دراوە.
پێشتر ئاڵا تاڵەبانی بە ئاشکرا لە کاتی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا، هێزەکانی حەشدی شەعبی بەسەر دەکردەوە کە ئامادەکارییان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکرد و بانگەشەی ئارامیی کەرکووکی دەکرد. هەروەها لە سەر شاشەی کەناڵە عەرەبییە شیعییە عێراقییەکانەوە بەردەوام خەونی کوردی بۆ سەربەخۆیی کوردستان و هەوڵەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ سەربەخۆیی بە پیلانێک بۆ تێکدانی یەکپارچەیی عێراق ناو دەهێنا.
باسنیوز
