دەزگایەکی هەواڵگری بەڵگەکانی رێککەوتنی قاسم سولەیمانی و قەتەر لە سلێمانی ئاشکرا دەکات

 دەزگایەکی هەواڵگری بەڵگەکانی رێککەوتنی قاسم سولەیمانی و قەتەر لە سلێمانی ئاشکرا دەکات
دەزگایەکی هەواڵگری بەڵگەکانی رێککەوتنی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و حکوومەتی قەتەر، لە سلێمانی، بڵاو دەکاتەوە.



بەپێی رێککەوتنەکە، کە رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریکی ناوەڕۆکەکەی بڵاو کردووەتەوە، قەتەر بڕی یەک ملیار دۆلاری داوەتە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی.



رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، کە رێککەوتنەکە لە سلێمانی و بە ئاگاداریی بەرپرسانی باڵای ئەو شارە واژۆ کراوە و بەهۆیەوە حەشدی شەعبی 25 راوچیی قەتەری ئازاد کردووە، کە لە ناوەڕاستی مانگی 12ـی 2015 لە بیابانەکانی نەجەف، رفێندرابوون.



ئەو راوچییە قەتەرییانە، کە بەشێکیان لە بنەماڵەی میری ئەو وڵاتە بوون، بۆ راوی ئاژەڵە کێوییەکان و بەپێی رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق، چووبوونە بیابانەکانی نەجەف.



بەڵگەکان، کە واشنتن پۆست لە ”دەزگایەکی هەواڵگریی وڵاتێکی دراوسێی قەتەر“ دەستی کەوتوون، پێکهاتوون لە چەند نامەیەکی باڵیۆزی قەتەر لە عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، کە بۆ یەکتریان ناردووە.



لەو نامانەدا، دوو بەرپرسە قەتەرییەکە ناوی سێ گرووپیان بۆ وەرگرتنی پارەکە هێناوە و بە ”گرووپەکەی سووریا، گرووپەکەی عێراق و گرووپەکەی سلێمانی“ ناویان بردوون.



رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش داوە، کە بەپێی رێککەوتنەکە، قاسم سولەیمانی بڕی 50 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە، ئەبو حوسێنی سەرکردەی حزبوڵلا 25 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە و 20 ملیۆن دۆلاریش دراوەتە بەرپرسێکی ئێرانی بە ناوی پەنهای.












باسنيوز
Top