بەرپرسێکی یەکێتی: بەرھەم ساڵح چل ملیۆن دۆلاری بە شاسوار عەبدولواحید داوە

 بەرپرسێکی یەکێتی: بەرھەم ساڵح چل ملیۆن دۆلاری بە شاسوار عەبدولواحید داوە
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، بەرهەم ساڵح ئەو کاتەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بووە، ٤٠ ملیۆن دۆلاری حکوومەتی بە شاسوار عەبدولواحید داوە. هاوکات داوای لە بنەماڵەی شەهیدان کرد، ”بە درۆکانی بەرهەم ساڵح باوەڕ نەکەن“.

ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ھەڵەبجەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، بەرھەم ساڵح بەرپرسیارە لە گەندەڵییەکانی ناو یەکێتی، چونکە ”ئەو سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و جێگری دووەمی سکرتێری گشتی بووە، ئیتر بۆچی ئێستا کە وازی لە یەکێتیی ھێناوە، دەیەوێت ئۆباڵی ھەموو گەندەڵیەکان بخاتە ئەستۆی یەکێتی، بەڵام خۆشبەختانە خەڵکی ھۆشیارە و بەرھەم ساڵح ناتوانێت خۆڵ بکاتە چاوی خەڵکەوە“.

جەختیشی لەوە کردەوە، تۆمەتەکانی بەرھەم ساڵح تەنھا بۆ کۆکردنەوەی دەنگە. گوتیشی: ”ئێمە لەبەردەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق داین، کەچی ئەو باسی گەندەڵی لەناو کوردستان دەکات، بێگومان ئێستا بەھۆی ئەو تۆمەتانەوە دەیەوێت پێگەی خۆی بەھێز بکات“.

بە بڕوای بەرپرسەکەی یەکێتی، حزبەکەی ”بە تۆمەتەکانی بەرهەم ساڵح“ لەکەدار نابێت و گوتی: ”ئێمە جەماوەری خۆمان ھەیە و خەڵکی مافی خۆیەتی چاکە و خراپە بزانێت، بەڵام چاکە و خراپە دەخرێتە تای تەرازووو، ئەگەر بەرھەم ساڵح ڕاست دەکات، باچاکە و خراپەی خۆشی بکێشێ بۆ ئەوەی بزانێ کامیان زۆرترە؟ بەڵام یەکێتی ھیچ کات بە بەرھەم ساڵحی نەگوتووە خراپە بکە، ئەگەر کارێکی خراپی کردبێت، خۆی کردوویەتی و یەکێتی لێی بەرپرسیار نییە، بەڵام ئەگەر کارێکی باشەی کردبێت، بەرنامەی یەکێتی جێبەجێ کردووە“.

ئەحمەد قەدەفەری ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەرهەم ساڵح ”جگە لەوەی زەوی و زاری بە شاسوار عەبدولواحید داوە“، لەو کاتەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش بووە، بڕی ”٤٠ ملیۆن دۆلاری حکوومەتی بە شاسوار عەبدولواحید داوە“ کە تائێستا شاسوار عەبدولواحید پارەکەی نەگەڕاندووەتەوە.

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ھەڵەبجەی یەکێتی باسی لەوەش کرد: ”بەرھەم ساڵح، وەفای بۆ ھەڤاڵ مام جەلال نەبووە، چونکە لەکاتی کۆچی دوایی مام جەلال، ئەو لە یەکێتی جیا بوویەوە و حزبەکەی ڕاگەیاند، بۆیە داوا لە بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان دەکەم، دوای درۆکانی بەرھەم ساڵح نەکەون، چونکە ھیچ شتێکی پێ ناکرێ و ناتوانێ خزمەتی خەڵکی بکات“.










باسنیوز
Top