هۆشیار زێباری: لەم هەڵبژاردنەدا كورسییەكانی پارتی زیاتر دەبن
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە سیمینارێكدا کە بۆ كادیرانی پارتی لە سنوری پارێزگای نەینەوا رێك خرابوو، رای گەیاند: "جەماوەر و دڵسۆزی ئێمە، دەبێت بزانێت چ لایەنێك شیاوە بۆ ئەوەی دەنگی خۆی پێ بدات، چ لایەنێك دەتوانێت بەرگری لە میللەت و خاك بكات، چ سەركردەیەك جێگەی متمانەیە بۆ دانوستان لەسەر داهاتوو".
هۆشیار زێباری، گوتیشی: "زۆربەی ئەو دەسكەوتانەی كە تاكوو ئێستا میللەتی كورد بەدەستی هێناون، بەهۆی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بووە و ڕێککەوتنی یازدەی ئازار، شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان، دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 و دامەزراندنی حكوومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، سیستەمی فیدراڵییەت، پاراستنی میللەت لە جینۆساید تاكوو رووخاندنی رژێمی سەدام و بەشداربوونێكی بەهێز لە حكوومەتی عێراقدا".
ئەو ئەندام مەکتەب سیاسییەی پارتی باسی لەوەش كرد: "میللەتی كورد لە ساڵی 2003ەوە تاكوو ساڵی 2012 بە قۆناغێكی زێڕیندا رۆیشتووە، نوێنەرەكانی كورد لە بەغدا قورساییان هەبووە و خاوەنی دەسەڵات و بڕیار بوون، تا ئەوكاتەی سیاسەتی تایفی و دژایەتیكردنی كیانی هەرێم گەیشتە ئەو ئاستە".
گوتیشی: "ئێمە گوتمان ئەم مافەی خۆمان بەكار دەهێنین، بەڵام ئەوەشمان گوت كە مەرج نییە رۆژێك دوای ریفراندۆم سەربەخۆیی رابگەیەنین، چونكە دروستكردنی دەوڵەت و ب ەرۆژێك و دوو رۆژ ناكرێت، ئێمە گەلێكی سەربەزین، کاتێک دەنگمان بۆ دەهاتوومان داوە، كەس بۆی نییە ئەو مافەمان لێ زەوت بكات".
هۆشیار زێباری، لە وتەكەیدا جەختی لەوەش كردەوە: "پارتی دیموكراتی كوردستان لە توانای دایە سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانە بە پشتبەستن بە كادیرە دڵسۆزەكان و ڕێكخستتنەكانی ژمارەی كورسییەكانی لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر بكات".
باسنیوز
