"بۆ پارێزگاریکردن لە کوردستانیان تاکە بژاردە دەنگدان بە پارتییە"

نووسەران و ڕۆژنامەنووسان پشتگیریی خۆیان بۆ لیستی ١٨٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپات دەکەنەوە و ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێ، بۆ پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان چاوی ھاووڵاتیان لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە ھەڵگری ئامانجی سەربەخۆییە. بەرپرسێکی پارتیش ئاشکرای کرد، ھەرکاتێک دەرفەت لەبار بێت، کار بە ڕیفڕاندۆم دەکەین.

فاخیر مزووری، نووسەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەک نووسەرێک دەنگم بۆ لیستی ١٨٤ی پارتییە، چونکە ئەگەر تەنیا ساڵانی ڕابردوو بینینە بەرچاوی خۆمان ئەوە بۆمان دەردەکەوێ پارتی دیموکراتی کوردستان توانی ھەرێمی کوردستانی لە ھێرشی تیرۆریستان و داگیرکاریی حەشد بپارێزێت، ھەڕەشەیەکی زۆرمان لەسەر بوو تا قەوارەی سیاسی و دەستووریی ھەرێمی کوردستان نەھێڵن، بەڵام بە قارەمانەتیی ھێزی پێشمەرگە و پێداگریی پارتی و ھیممەتی سەرۆک بارزانی ئەو پیلانە لەنێو برا، ئێستاش کە پرسی ھەڵبژاردن ھاتووەتە پێشمان بێگومان سەروەرییەکانی ڕابردوو ھانمان دەدات دەنگ بە لیستی ١٨٤ی پارتی و کاندیدانی بدەین، تا کورد بە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی شاد بێت، باوەرم وایە باشترین بژاردە دەنگدانە بە لیستی پارتی."

تاھیر کرمانج، ڕۆژنامەنووس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارتی حزبی دایکە لە ھەرێمی کوردستان و خەڵکی زیاتر ئومێدیان بەو پارتە ھەیە مافەکانیان زامن بکات، بەتایبەتی لە پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەکاندا، بۆ نموونە، بۆ پرسێکی وەک دەوڵەتی کوردی ھاووڵاتیان زیاتر چاویان لەسەر پارتییە، چونکە خەڵکی کوردستان باش دەزانن ئەگەر ھەرێمی کوردستان سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت لەسەر دەستی پارتی دروست دەبێت، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی لە خولەکانی ڕابردوودا ھەڵوێستیان دیار بوو لەوەی چۆن بەرگرییان لە مافەکانی خەڵکی کوردستان کرد، لەبەر ئەوەش، من وەک ڕۆژنامەنووسێک دەنگم بۆ لیستی ١٨ی پارتییە."

بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە دەمانەوێ ئەم جارە بەھێزتر بچینە بەغدا تا بۆ دۆست و دوژمنانی خۆمانی بسەلمێنین پارتی قەڵایەکی ئەوەندە سەختە ھەرگیز لەبن نایەت، لە بەغدا نوێنەرانی پارتی کار بۆ بەدەستھێنانی ھەموو مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن، تا ئەو کاتەی دەرفەت بۆ سەربەخۆیی دەڕەخسێت پارتی ھەوڵ بۆ مافەکانی گەلی ئێمە دەدات لە چوارچێوەی عێراقدا، ھەرکاتێکیش دەرفەت ھەبوو ئەوە سەربەخۆیی ئامانجی سەرەکیمانە و ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی بەکار دێنین، خەڵکی کوردستان درک بەو ڕاستییە دەکەن کە ھەر پارتییە بەرگری لە ماف و دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان دەکات، ئێمە پشتمان بە جەماوەری خۆمان گەرمە و لە ڕۆژی ھەڵبژاردنیش ئەو ڕاستییە دەردەکەوێ پارتی ھەر ھێزی یەکەمی کوردستان دەمێنێتەوە و ھاووڵاتیانی کوردستان دەنگیان بۆ لیستی ١٨٤ی پارتیمانە."
kdp-
Top