گۆڕان: یەکێتی بچووکتر دەبێتەوە بۆیە ئێران بەدوای بەدیلی یەکێتیدا دەگەڕێت

 گۆڕان: یەکێتی بچووکتر دەبێتەوە بۆیە ئێران بەدوای بەدیلی یەکێتیدا دەگەڕێت
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد کە بەهۆی ”بچووکتربوونەوە“ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدوای بەدیلی یەکێتیدا دەگەڕێت، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد کە ئاخۆ گۆڕان لەلای ئێران وەک بەدیلی یەکێتی هەژمار دەکرێت، یاخود کۆمەڵی ئیسلامی کە هەردوو لایەن پەیوەندییەکی بەهێز و تایبەتیان لەگەڵ ئێران هەیە.

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕايگەیاند، ”شکستەکانی ڕابردووی یەکێتی دیارە“ و سەرسوڕمانی خۆشی لەوە دەربڕی کە یەکێتی چۆن دەڵێت لە شاری سلێمانی ”یەکەمین هێزی سیاسی دەبم یان دەنگێکی زۆر دەهێنم“. دەشڵێت: ”مەگەر تەنیا ھەموو قەوارە سیاسییەکان و خودی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، بەرامبەر تەزویرەکانی یەکێتی بێدەنگی ھەڵبژێرن“.

بە بڕوای ئەو بەرپرسەی گۆڕان، بەرھەم ساڵح، ”زەڕبەیەکی گەورەی لە یەکێتی داوە و لایەکی دەنگەکانی یەکێتی بۆ خۆی دەبات، بەجۆرێک لەم ھەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراقدا نیوەی کورسییەکانی یەکێتی کەم دەکات، بێگومان ئەمەش یەکێتی ھێندەی دیکە بچووک دەکاتەوە“.

دووپاتیشی کردەوە: ”یەکێتی ھیچ دەست و دیارییەکی باشی بۆ خەڵکی کوردستان پێ نەبووە و لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، ڕۆڵێکی خراپی بینیوە، بۆیە باوەڕ ناکەم خەڵکی کوردستان، جارێکی دیکە دەنگ بەو حزبە بداتەوە، چونکە خەڵکی لە سیاسەتی پارتی و یەکێتی ناڕازین“.

ئەو سەرکردەیەکی گۆڕان ئاشکرای کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ”ئایندە“ی یەکێتی بۆ ڕوون بووەتەوە و ”دواجار ڕەنگە ئێران بەدوای بەدیلێکی دیکەدا بگەڕێت“. بە دووریشی زانی ئەمجارە کۆماری ئیسلامیی ئێران ”ھاوکاری“ یەکێتی بکات. بەڵام ئەوەی ئاشکرا نەکرد کە ئاخۆ گۆڕان بۆ ئێران دەبێت بە بەدیلی یەکێتی، یاخود کۆمەڵی ئیسلامی کە هەردوو لایەن پەیوەندییەکی بەهێز و تایبەتیان لەگەڵ ئێراندا هەیە.










باسنيوز
Top