کاندیدێکی پارتی: پێویستە هاووڵاتیان خەڵكانی دەستپاك و نەتەوەیی هەڵبژێرن
بەشیر خەلیل، كاندیدی ژمارە 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژارنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێكدا رای دەگەیەنێت: "پەرلەمانی عێراق ناوەندێكی گرنگە بۆ داكۆكیكردن لە هەموو مافە یاسایی و نەتەوایەتییەكانمان و كاریگەرییەكی راستەوخۆی لەسەر بارودخی هەرێمی كوردستان هەیە.
ئەو پاڵێوراوە گوتیشی: "ئەو كەسانەی دەچنە پەرلەمانی عێراق، پێویستە كەسانی پسپۆڕ و لێهاتوو و بەئەزموون بن، لە هەمووشی گرنگتر بەلای ئێمەوە لە پێشینەیە كەسانێك بن کە داكۆكیكاری سەرسەختی مافە نەتەوەییەكانمان بن لە بەغدا".
ئەو كاندیدەی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق باس لەوەش دەكات: "وەك چۆن بۆ شەڕی یاسایی پێویسمان بە خەڵكانی یاسایی هەیە، بۆ شەڕی دارایی و ئابووریش پێویستمان بە كەسانی پسپۆڕ هەیە، بە هەمان شێوەیە پێویستمان بە كەسانی شارەزا لە دین هەیە و لایەنی دینی و مەزهەبی لەسەر سیاسەتی عێراق رەنگی داوەتەوە، هەر بۆیە پێویستمان بە پسپۆڕی هزری ئایینییە".
بەشیر خەلیل، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "كاتێك ئەوان بە ئاڵای مەزهەبی و ئایینەوە دێن خاكی هەرێمی كوردستان داگیر دەكەن، ئێمە بە هەمان چەك و بە ئاڵای كوردستان و لەرێی ئایینەوە مافە نەتەوەییەكانمان دەچەسپێنین و بۆ داواكردنی مافە نەتەوایەتییەكانمان چەكی یاسایی و دەستووری، ئایینی و مەزهەبی بەكار دەهێنین".
باسنيوز
