بەرپرسێکی پەیەدە: لە رۆژئاوای کوردستان پێشوازیی لە هێزی عەرەبی دەکەین

 بەرپرسێکی پەیەدە: لە رۆژئاوای کوردستان پێشوازیی لە هێزی عەرەبی دەکەین
بەرپرسێکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) رایدەگەیەنێت، کە لە رۆژئاوای کوردستان پێشوازیی لە هێزی وڵاتانی عەرەبی دەکەن.

شێرزاد ئێزدی، نوێنەری پێشووی پەیەدە لە شاری سلێمانی، بە ماڵپەڕی (RT)ی راگەیاندووە، تا ئێستا بڕیاری ناردنی هێزی عەرەبی بۆ سووریا نەدراوە، کە بەو بڕیارە، رۆڵی عەرەبی بۆ سووریا دەگەرێندرێتەوە.

شێرزاد ئێزدی هەروەها رایگەیاندووە، فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) پێشوازیی لە پێشنیازی ناردنی هێزی عەرەبی بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەکات، ”فیدڕالییەتی باکووری سووریا پێشوازیی لە ناردنی هێزی عەرەبی بۆ سووریا دەکات و پێی وایە رێگەیەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی تورکیا بۆ سەر سووریا“.

پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، کە ”بەم نزیکانە“ هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا دەکێشێتەوە و داوای لە وڵاتانی عەرەبی کرد هێزێک بۆ جێگرتنەوەی هێزە ئەمریکییەکان، دروست بکەن.


هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.

دوای کشانەوەی هێزەکانی سەر بە رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان، پەیەدە لەڕێی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ـەوە دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت و کەوتە دژایەتی و کوشتن و راوەدونانی سیاسەتمەدار و حزبە سیاسییە نەیارەکانی خۆی و سەرکوتکردنی هاووڵاتییان.

لەسەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئێران بە ناردنی چەک و چەکدارە شیعەکان پاڵپشتیی رژێمی سووریا و پارتی یەکێتی دیموکراتی پەیەدە)ی باڵی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان دەکات.

شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.








باسنيوز
Top