دژەتیرۆری عێراق: بەهیچ شێوەیەك پێشمەرگە ناگەڕێتەوە كەركووك

دژەتیرۆری عێراق: بەهیچ شێوەیەك پێشمەرگە ناگەڕێتەوە كەركووك



فەرماندەی پلانی سەپاندنی یاسا لە پارێزگای كەركووك رەتی كردەوە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ پارێزگای كەركووك بدەن. ئەمەش دوای ئەوەی شارەكە لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردووەوە بەدەستی خیانەت رادەستی حەشدی شیعی كرا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە مەعن سەعدی فەرماندەی پلانی سەپاندنی یاسا سەر بە هێزی دژەتیرۆری عێراق لە پارێزگای كەركووك، ئەم هەواڵ و دەنگۆیانەی رەت كردەوە، كە گوایە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەگەڕێنەوە نێو پارێزگای كەركووك.


سەعدی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەنێو پارێزگای كەركووكی داگیركراو گوتی پێشمەرگە بۆ پارێزگای كەركووك ناگەڕێتەوە.


گوتیشی هێزە ئەمنییەكانی كەركووك ئامادەكارییان بۆ پلانی ئەمنی لە رۆژی هەڵبژاردندا تەواو كردووە و لە ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی پارێزگاكە.


ئاماژەشی بەوەدا كە هێزی ئاسمانی عێراقی و هاوپەیمانان بەشداری لە پاراستنی بنكەكانی دەنگداندا دەكەن، هێزەكانی دژەتیرۆری عێراقیش هاووڵاتییان بۆ بنكەكانی دەنگدان دەگوازنەوە.


شازدەی ئۆكتۆبەری رابردوو هێزێكی یەكێتی لە خیانەتێكی گەورەدا، هێزەكانی حەشدی شیعی و سوپای عێراقیان هێنایە نێو كەركووك و یارمەتیان دان لە داگیركردنی شارەكە و دەربەدەركردنی هەزاران هاووڵاتی كورد.

bas news-
Top