فەلاح حەسەن: کێشەی گەلی کورد کێشەیەکی نەتەوەییە نەوەک ئایینی

 	 فەلاح حەسەن: کێشەی گەلی کورد کێشەیەکی نەتەوەییە نەوەک ئایینی
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ژووری میدیایی تۆڕی گەنجانی ئیسراییل، فەلاح حەسەن، ئەو لاوە کوردەی کە جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسیی جیھان و جێگری یەکەمی سەرۆکی لاوانی سیاسیی ئەوروپایە، بە میدیای ئای یو ئێنی گوتووە، کێشەی گەلی کورد وەکو کێشەی ئیسراییل و فەلەستین نییە، بەڵکو کێشەی گەلی کورد کێشەیەکی نەتەوەییە، نەوەک ئایینی.

لە دیدارەکەدا فەلاح حەسەن باسی کێشەی دەیان ساڵەی گەلی کورد دەکات لە ھەرچوار پارچەی کوردستان و باسی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەش دەکات لە بەرنگاربوونەوەی شەڕی ئیرھاب و داعشدا، ھەروەھا سەرکەوتنی خۆی لە لاوانی سیاسیی ئەورووپادا بە سەرکەوتنی گەلی کوردستان و پێشمەرگە لەقەڵەم دەدات.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئایندەی ھەرێمی کوردستان دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، فەلاح حەسەن بە تۆڕی میدیایی لاوانی ئیسراییل دەڵێت، ئێمەی کورد نەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان بەڵکو لە ھەرچوار پارچەی کوردستانی گەورە ھەرکاتێک مافمان پارێزراو بووبێت وەکو نەتەوەی کورد کێشەمان نابێت لەگەڵ وڵاتانی پێکەوەلکێندراو بژین، بەڵام مافمان پێ نەدرێت و کیمیاباران و ئەنفال بکرێین و ماڵوحاڵمان بسووتێنرێت، میللەت ناچارە بیر لە چارەنووسی خۆی بکاتەوە و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدات.

فەلاح حەسەن دەڵێت: لای ھەموو دنیاش ڕوونە بە درێژاییی مێژوو گەلی کوردستان بەرەنگاری دوژمنەکانی بووەتەوە و دواجار دڕندەترین ھێزی ئیرھابی، دەوڵەتی داعشیشی لەناو بردووە، کەواتە میللەتێکە ھەیە و بوێرە، بۆیە لەو بڕوایەشدام ئەگەر بە بەردەوامی ڕەفتاری نامرۆڤانەی لەگەڵدا ئەنجام بدرێت ئیتر بەرەو سەربەخۆیی زوو، یان درەنگ ھەنگاو دەنێت و ولاتێکی سەربەخۆ دەبێت.
kdp-
Top