کاندیدێکی پارتی: یەکگرتوویی عێراق بەندە بە جێبەجێکردنی دەستوورەوە

 کاندیدێکی پارتی: یەکگرتوویی عێراق بەندە بە جێبەجێکردنی دەستوورەوە
کاندیدێکی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، کارکردنمان لە بەغدا تا ئەوکاتە دەبێت کە بارودۆخەکە گونجاو دەبێ بۆ لە یەکتر جیابوونەوە لە عێراق، ئەگەر هات و عێراق دەستووری جێبەجێ نەکرد.

ڕێبوار هادی عەبدولڕەحمان، کاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەلەمانی عێراق ڕايگەیاند: "لە دیباجەی دەستووری عێراقدا هاتووە عێراق تا ئەوکاتە بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە، کە دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئێمە لەوێ سیاسەت دەکەین و لەگەڵ ئەو حزب و لایەنانەی باوەڕیان بە فرە ڕەنگی لە عێراقدا هەیە کار دەکەین، ئەگەر هات و دەستووری عێراقیش وەک خۆی جێبەجێ نەکرا، ئەوا ئێمە بڕیاری خۆمان دەدەین".

کاندیدەکەی پارتی ڕوونیشی کردەوە: "ڕیفراندۆممان کرد تەمەنای ئەوەمان نەدەکرد جارێکی دیکە بگەڕێینەوە بەغدا، ئێستاش تەمەنای ئەوە ناکەین ئەو چوار ساڵی پەرلەمانییە لەوێ تەواو بکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بارودۆخی هەرێمی، نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و ئەو کارەساتەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر دروست بوو وای کرد، جارێکی دیکە بگەڕێینەوە بەغدا".

لەبارەی ئەوەی ئەگەر بەغدا پابەندی دەستوور نەبێت چی دەکەن؟، ڕێبوار هادی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەگەر هات و عێراق پابەندی دەستوور نەبێت، ئەوکاتە کارکردنی ئەوان لە بەغدا تا ئەوکاتە دەبێ کە بارودخەکەش گونجاو دەبێ بۆ لە یەکتر جیابوونەوە لە عێراق".

لەگەڵ ئەوەشدا لە بەرنامەی کاریی لیستی ١٨٤ی پارتیدا هاتووە: "تێدەکۆشین و دیالۆگ دەکەین، تا لەگەڵ لایەنەکان بگەینە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی بتوانین چارەنووسی گەلی کوردستان دیاری بکەین".









باسنيوز
Top