بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگەی سلێمانی: گۆڕان پاشکۆی عەبادی و حکوومەتی عێراقە

 بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگەی سلێمانی: گۆڕان پاشکۆی عەبادی و حکوومەتی عێراقە
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگەیە لە سلێمانی، ئاشکرای کرد، بەهۆی سووکایەتیکردن بە پێشمەرگەوە، سکاڵای یاسایی لە دژی سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان تۆمار دەکەن. گۆڕانیشی بە ”پاشکۆی عەبادی و حکوومەتی عێراق“ لە قەڵەم دا.

پاش ئەوەی مەحموود ڕەزا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و ئامۆزای نەوشیروان مستەفا، لە بەرنامەیەکی کەناڵی فەرمیی حزبەکەیدا، پێشمەرگەی بە ئەنجامدانی ئەنفال تۆمەتبار کرد و ڕای گەیاند کە لەو ناوچانەی لە داعش ئازاد کراون، ئەو کارانەیان ئەنجام داوە کە ساڵی ١٩٨٨ بەعسییەکان ئەنجامیان دەدا.

لە بەرامبەردا شێخ عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگەی (سلێمانی) ڕايگەیاند: ”بزووتنەوەی گۆڕان و پەرلەمانتارەکەی پاشکۆی عەبادی و حکوومەتی عێراقن، بۆیە بەو شێوەیە باسی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ھێزی پێشمەرگە ئەوە نییە کە ”ھەندێک کەسی بەرژەوەندیخواز“ بەوشێوەیە باسی بکەن، چونکە ”ھەموو کەسێک دەزانێت ھێزی پێشمەرگە لەکاتی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشدا دەریایەک خوێنی بەخشیوە، ئەی باشە ئەو کاتەی پێشمەرگە ناوچە کوردستانییەکانی ئازاد دەکرد، ئەوان لەکوێ بوون؟“.

جەختیشی لەوە کردەوە: ”تەنھا یەکێتی زیاتر لە ھەزار شەھیدی بەخشیوە، بەڕاستی ئەوپەڕی بێویژدانییە بەو شێوەیە باسی ھێزی پێشمەرگە بکرێت. بەھۆی ئەو سووکایەتیەی بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کراوە“.

شێخ عەزیز ئاشکرای کرد کە ئەوان ”وەکو کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان“ سکاڵای یاسایی لە دژی پەرلەمانتارەکەی بزووتنەوەی گۆڕان تۆمار دەکەن، چونکە ”ئەوەی سووکایەتی بەھێزی پێشمەرگە بکات، ھەروا ئاسان نییە و پێشمەرگە بە سیمبولی کوردستان دەزانین، نازانم ئەو کەسانە چۆن دەتوانن لەکەناڵەکانی خۆیانەوە بۆ بانگەشەی ھەڵبژارد شکۆی پێشمەرگە کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە ناوچە جێناکۆکەکان دەنگ بۆ خۆیان کۆبکەنەوە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان، ”ھێزی پێشمەرگەی بە میلیشیا ناو دەبرد، ئێستا پێی دەڵێن تاڵانچی، بەڵام ئەوان تەنھا بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن و بریندارکردنی ھەستی پێشمەرگە ئەو قسانە دەکەن، دواجار خۆیان بەوە سووک دەبن نەوەکو ھێزی پێشمەرگە، چونکە تەنانەت وڵاتانی دەرەوە بەڕێزەوە تەماشای ھێزی پێشمەرگەیان کردووە“. گوتیشی: ”لەو کاتەوەی بزووتنەوەی گۆڕان درووستبووە، چقڵی چاوی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە، جاری واھەیە دەڵێن، ئەمانە میلیشیای دەستە و دەستەگەرین لەناو ڕیزەکانی پارتی و یەکێتی، بەڵام ھەموو دنیا ھێزی پێشمەرگە دەناسێ و دووژمنەکانمان دانیان بە قارەمانی و ئازایەتیی ھێزی پێشمەرگە ناوە، بەداخەوە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن، بەو شێوازە قسەی نەشیاو بەرامبەر بە ھێزی پێشمەرگە دەکات“.









باسنيوز
Top