یەکگرتوو بۆ گۆڕان: مونافیق ئەوەیە لە بەغدا عێراقچێتی بکات و لێرەش باسی سەربەخۆیی بکات
پاش ئەوەی مەحموود ڕەزا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و ئامۆزای نەوشیروان مستەفا، لە بەرنامەیەکی کەناڵی فەرمیی حزبەکەیدا، رەخنەی لەو پەرلەمانتارە کوردانە گرت کە باوەڕیان بە سەربەخۆیی کوردستان هەیە و دەچنە لە بەغدا دەبن بە نوێنەری کوردستان و بە ”مونافیق“ وەسفی کردن.
لە بەرامبەردا موسەنا ئەمین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، ڕايگەیاند: ”دەستەواژەکانی پێشتر و ئێستای گۆڕان دەبینین، ئەوان دەزانن مانای مونافیق چییە؟ کە بە خەڵک بڵێن مونافیق“.
بە گوتەی موسەنا ئەمین، نەوشیروان مستەفاش باوەڕی بە سەربەخۆیی کوردستان ھەبووە و ”لەناو مەجلیسی حوکمیش بووە“، بۆیە دەپرسێت: ”دیارە ئەویش یەکێکە لەو مونافیقانە؟ چونکە ھەرچی سەرکردەی سیاسیی کوردە مەگەر خۆفرۆش بێت، ئەگینا ھەمووی باوەڕی بە سەربەخۆیی کوردستان ھەیە“.
ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو داوا لە سەرکردەکانی گۆڕان دەکات، ڕاشکاو بن و دەڵێت: ”ئەگەر برادەرێکی گۆڕان ھەیە و باوەڕی بەوە نییە کە کورد دەوڵەتی ھەبێت و شایەنی سەربەخۆییش نییە، ئەوا با ئیتر قسەی قۆڕ نەکات و ڕاستەوخۆ بڵێت من باوەڕم بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و خەونی کورد و ئازادیش نییە. ئەو کاتە من وەک ئەوان پێی ناڵێم (مونافیق)، بەڵکوو پێی دەڵێم بۆچوونی ئازادی خۆتە، چونکە مونافیق وشەیەکی تەکفیرییە“.
بە بڕوای موسەنا ئەمین، تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە عێراق، ”دەبێ بڕۆین لە بەغدا شەڕ بۆ ماف و سەروەرییەکانی کوردستان بکەین، چونکە ئەوە مومکینە، ھەرچەندە ھەموو ھێزێکی سیاسی بۆی ھەیە بڵێت کات و میکانیزمی ڕیفراندۆم باش بوو یان باش نەبوو، بەڵام ھیچ کەس بۆی نییە بڵێ دەنگدانی میللەتی کورد بۆ سەربەخۆیی و مافەکانی خۆی لەسەر کاغەز و لەناو سندووقەکاندا تاوانە و ئەو کەسانەی وایان کردووە بە تاوانبار هەژمار بکرێن و بدرێنە دادگا، چونکە ئەمە قسەیەکی بێ مانایە و ھیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، تەنانەت عەرەبە شوڤێنییەکانیش لەڕووی یاساییەوە ڕەنگە نەتوانن ئەمە بە تاوان حسێب بکەن".
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو وشەی مونافیقی ڕوون کردەوە و ئاشکرای کرد: ”مونافیق ئەوەیە کە لە بەغدا بڵێت باوەڕم بە زمانی عەرەبییە و بڵێت باوەڕم بە یەکپارچەیی خاکی عێراق ھەیە و عێراقچێتی بکات، لە کوردستانیش بڵێت باوەڕم بە سەربەخۆیی کوردستان ھەیە و شاکار بخوێنێتەوە بۆ دەوڵەتی کوردستان و خەونی کورد، ئەوە پێی دەگوترێ دوو ڕووی مونافیق، بەڵام من لە ھەولێر و بەغدا و لەناو پەرلەمان گوتوومە باوەڕم بە یەکپارچەیی خاکی عێراق نییە و ئەوە بیروڕای سیاسیی منە".
باسنيوز
