خانوو و یەکەکانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ دەکرێن

خانوو و یەکەکانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ دەکرێن


لە سنووری پارێزگای ھەولێر، چەند ھەزار یەکەیەکی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ دەکرێن. بەرپرسێکی وەبەرھێنانیش ئاشکرای دەکات، بۆ تاپۆکردنەکە پارەیەکی کەم لە ھاووڵاتییان وەردەگیرێت.



سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر راگەیاند، لە ماوەی داھاتوودا ھەزاران خانوو و یەکەکانی نیشتەجێ بەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ دەکرێن، گوتی: “لە ئاییندەیکی نزیکدا چەند ھەزار یەکەیەکی نیشتەجێبوون بەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ بکرێن”.



ئاماژەی بەوەش دا، بڕیاری تاپۆکردنی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون بەسەر خاوەنەکانیان دەرچووە، تەنیا ھەندێک رێکاری تاپۆکۆدن ماوە، گوتیشی: “تەملیککردن و تاپۆکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون کۆمەڵێک رێکاری ھەیە، لە فەرمانگەکانی تاپۆ و شارەوانی بەردەوام ئێمە خەریکی بەدواداچوونین بۆ ئەوەی ئەو رێکارانە خێرا بکرێن، کە پەیوەست بە جیاکردنەوە و یەکخستنی مەسەلەی تاپۆکردنن”.



روونیشی کردەوە، ھەندێک پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون تەنیا کاری رۆتین و نەخشەسازیی دەوێت، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە فەرمانگەکانی تاپۆ و شارەوانی و وەبەرھێنان لەسەر خەتن، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە خێرا بکرێت.



سامان عارەب ئاشکراشی کرد، ئەو یەکانەی بڕیاری تاپۆکردنیان دەرچووە زۆربەیان لەنێو سەنتەری شاری ھەولێردان، گوتیشی: “پڕۆژەکانی زین ستی و گەنجان ستی و لاوان و کۆمەڵێک پڕۆژەی ترە، کە تاوەکوو ئێستا تاپۆ نەکراون و ھەر بە ناوی وەبەرھێنەر ماونەتەوە، لە بڕیارەکە سوودمەند دەبن”.



جەختی کردەوە، بۆ تاپۆکردن پارە لە خەڵک وەرناگیرێت، چونکە پڕۆژەکانی نیشتەجێیون بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەر لێبوردنی باج و رسوومات کەوتوون، دەشڵێت: “دوای تەوابوونی ئەو پڕۆژانەی نیشتەجێبوون، لە ھەموو باج و رسووماتێک دەبوردرێن، ئەو لێبوردنەش بۆ کەسی یەکەمە، کە گرێبەستی کڕینیان ھەیە و دەستی دووەم ناگرێتەوە، ئەوەی گرێبەستی یەکەمی ھەیە پارەیەکی کەم دەدات، ئەوەی تر لەسەر وەبەرھێنەری پڕۆژەکەیە پارەکە بدات”.



ئەو بەرپرسەی وەبەرھێنانی ھەولێر راشی گەیاند، لە کۆی ٧٣ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون ٣٠% بۆ ٣٥% تاپۆ کراون، ئەوانەی تر ماون تاپۆ بکرێن، یان لەژێر مامەڵەی بەناوکردندان.



پێشووتر عوسمان شوانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کە سەرۆکی ئەنجومەنەکەیە، یەکەکانی نیشتەجێبوون تاپۆ دەکرێن.



روونیشی کردەوە، ئەم بڕیارە پەیوەندیی بە فەرمانگەکانی وەبەرھێنانە و پێویستە تیمی بەداواداچوونی فەرمانگەکانی وەبەرھێنانە کاری خۆیان بکەن، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

bas news-
Top