كۆچی پێچەوانە لە ناوچە رزگاركراوەكانەوە بەرەو كوردستان دەستی پێكردەوە

كۆچی پێچەوانە لە ناوچە رزگاركراوەكانەوە بەرەو كوردستان دەستی پێكردەوە



بەڕێوەبەری دەزگایەكی تایبەتمەند لە بواری ئاوارەكان رایگەیاند كۆچی پێچەوانەی عێراقییەكان لە ناوچە رزگاركراوەكانی دەستی داعش بەرەو هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووەتەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە هۆشەنگ محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی بەرهەڤخستنی تەنگژەكان رایگەیاند نزیكەی 30٪ی ئاوارەكانی ناوەخۆی عێراق و 98٪ی ئاوارەكانی سووریا لە عێراق هێشتا لە هەرێمی كوردستان جێگیرن، كە ژمارەیان دەگاتە یەك مليۆن و و 400 هەزار ئاوارە.


گوتیشی تا ئێستە ئاسایش لە ناوچە رزگاركراوەكانی دەست ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بەرقەرار نیە، حكوومەتی عێراق خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی بۆ دابین نەكردوون، هێزەكانی میلیشیاكانی حەشدی شیعیش تەگەرە دەخەنە بەردەم خەڵك، بۆیە پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان زۆر هێواشە.


بەگوێرەی ماڵپەڕی (شەفەق نیوز)ی عێراقی، ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە كە لەو 250 هەزار ئاوارەی مووسڵ كە بەهۆی شەڕی رزگاركردنەوەی شارەكە روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، تەنها 50٪یان گەڕاونەتەوە مووسڵ، لە بەرانبەریشدا كۆچی پێچەوانە سەریهەڵداوە و دووبارە خەڵكی مووسڵ ئاوارەی هەرێمی كوردستان دەبنەوە.


هۆشەنگ محەمەد دووپاتی كردەوە "نزیكەی 4500 ئاوارە لە كۆچی پێچەوانەدا لە مووسڵەوە كە دوای نەمانی داعش گەڕابوونەوە زێدی خۆیان، دووبارە پەنایان هێناوەتەوە بەر هەرێمی كوردستان".

bas news-
Top