فەرماندەیەکی سەربازیی یەکێتی بۆ گۆڕان: کە قەترەیەک خوێنتان لە شەڕدا نەڕشت سووکایەتیش مەکەن

 فەرماندەیەکی سەربازیی یەکێتی بۆ گۆڕان: کە قەترەیەک خوێنتان لە شەڕدا نەڕشت سووکایەتیش مەکەن
فەرماندەیەکی پێشمەرگەی یەکێتی بە توندی وەڵامی سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕانی دایەوە کە هاوکات ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لە فراکسیۆنی گۆڕان و نەیشاردەوە کە سووکایەتی بە پێشمەرگە کردووە.

پاش ئەوەی مەحموود ڕەزا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا و ئامۆزای نەوشیروان مستەفا، پێشمەرگەی بەوە تۆمەتبار کرد کە لەو ناوچانەی لە دەست داعشی ڕزگار کردووە، هەمان ئەو کارانەی کردووە کە لە ساڵی ١٩٨٨دا ڕژێمی بەعس ئەنجامی دەدا.

ڕێبوار عەلی کەریم، فەرماندەی لیوای یەکی ھێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگەی کوردستان، ڕایگەیاند، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھێزێکی تاڵانکەر نییە، ئەگەر تاڵانکەریش بووایە، ساڵی ٢٠١٠ ھێزی پێشمەرگە گردەکەی گۆڕانی تاڵان دەکرد، بۆیە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەوەندەی لە خەمی پاراستنی کوردستان بووە، ھەرگیز بیریان لەکارێکی لەو شێوە نەکردووەتەوە کە ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان بەو شێوەیە سووکایەتی بە ھێزی پێشمەرگە دەکات.

ئەوەشی نەشاردەوە، ئەگەر بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن پەرلەمانتارەکەی گۆڕان ئەو قسانەی کردبێت، ئەوا ”غەدرێکی گەورەی لە خوێنی شەھیدەکانی پارتی و یەکێتی و حزبی سۆسیالیست کردووە، ھەروەھا محەمەدی حاجی مەحموود، کاتێک کوڕەکەی لە بەرەکانی شەڕ بەدەستی چەکدارەکانی داعش شەھید دەکرێت، یانی کوڕەکەی کاکە حەمە بۆ تاڵانی چووە بۆ بەرەکانی جەنگ؟“.

بە بڕوای فەرماندە ڕێبوار: ”بۆیە ئەو کەسەی بەم شێوەیە باسی ھێزی پێشمەرگە دەکات، کەسێکی بێ مستەوایە و بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن ئەو قسانە دەکات، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە جێگەی خۆی بکاتەوە لەناو ئەو حکوومەتە عەرەبەی کە ئێستا لەناو کەرکووکدا بوونیان ھەیە“. ئاماژەی بەوەش دا، لەماوەی ئەو چەند ساڵەی کە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، شەڕی تیرۆریستانی داعشیان کردووە، ”بزووتنەوەی گۆڕان، قەترەیەک خوێنی نەڕشتووە، بەڵام کاتێک ئەوەشیان نەکردووە، مافی ئەوەیان نییە سووکایەتی بە ھێزی پێشمەرگە بکەن“. گوتیشی: ”ئەوەی وەفای بۆ خوێنی شەھیدان نەبێت، وەفاشی بۆ حزبەکەی و میللەتەکەی خۆی نییە، ئەوەی بەو شێوەیە باسی ھێزی پێشمەرگە دەکات، سووکایەتی بە خۆی و پەیڕە و پڕۆگرامی حزبەکەی کردووە و ڕۆژێک دێت ھێزی پێشمەرگە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات“.

فەرماندەکەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان نەیشاردەوە کە میللەتی کورد بە گشتی ڕێزێکی زۆر لە پێشمەرگە دەگرن، بەڵام ”پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان کە مانگی مووچەی ٤٠ پێشمەرگە وەردەگرێ و دەیخاتە گیرفانیەوە، بێگومان دیارە ئەو پەرلەمنتارە ئەجێندای حزبەکەی ئەجێندایەکی دۆڕاوە و حزبەکەی لەناو میللەتدا ئیفلاسی کردووە و ئێستا دەیانەوێ بەو قسانە دەنگی خەڵکی عەرەب و تورکمان بۆ خۆیان ڕابکێشنن، بەو مانایەی کە دژی میللەتەکەی خۆیان دەجوڵێنەوە، تاوەکو جارێکی دیکە بڕۆنە پەرلەمانی عێراق و ئەو مووچە زەبەلاحە وەربگرن کە پێشتر وەریان گرتووە کە میلەتەکەمان خەریک بوو دەمردن لە برسا“.










باسنیوز
Top