گۆڕان: گوتارێکی نیشتمانیی عێراقیمان هەیە و لە بەسڕە و شارەکانی عێراق زیاتر ڕێزمان لێ دەگیرێت
مەحموود رەزا، پەرلەمانتار و سەرکردەی گۆڕان کە ئامۆزای نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی کۆچکردووی گۆڕانە، لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (KNN)ی فەرمیی گۆڕاندا، باسی لە ڕاپۆرتەکانی هەواڵگریی عێراقی کردووە کە گوایە چاودێریی ئەو دانیشتنانەیان کردووە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندەکانی لە (ئەنقەرە، دۆحە و عەمان) ئەنجامیان داوە.
ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان، هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ سەربەخۆیی کوردستان و ڕزگاربوونی کوردانی باشووری کوردستان لەو دەوڵەتی عێراقەی کە بەزۆر پێیەوە لکێندراوە، بە ”هەوڵی تێکدانی عێراق“ دەزانێت و دەڵێت: ”پارتی هێزێکە لە نێو عێراقدا کە دەستوورێکی هەیە و سوێندی یەکپارچەیی عێراقی تێدایە، لە جیاتی ئەوەی بێ عێراقێک دروست بکات کە هەموومان سوودی لێ وەربگرین، زانیاری هەیە کە ڕۆژانە ئەم هێزە دێت عێراق بڕووخێنێت“.
بەرپرسەکەی گۆڕان، سووکایەتی بە هەموو هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش دەکات و ڕای دەگەیەنێت کە پێشمەرگە لەو شوێنانەی کە لە داعش ڕزگاری کردوون، ”بەعسییەکان لە ١٩٨٨ لە گوندەکانی ئێمە چییان کردووە“، هەمان شتیان کردووەتەوە.
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە نیشتمانییە عێراقییەی گۆڕان، ”ئەوەی دەڵێ بەهیچ جۆرێک ناتوانین بەغدا چاک بکەین و خۆی بۆ پەرلەمانتاری کاندید دەکات، مونافیقە“.
باسیشی لە دڵسۆزیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ عێراقی عەرەبی کردووە و ئاشکرای کردووە: ”شاندی فراکسیۆنی گۆڕان ٥ ئەنداممان لە مانگی ٤ی ساڵی ڕابردوودا سێ بۆ چوار ڕۆژ لەسەر بانگهێشتی چەند پەرلەمانتارێکی بەسڕە، چووینە ئەو شارە، لە بەسڕە ئێمە ئیحتراممان دەگیرێت و لەنێو خەڵکدا کە دەڵێی گۆڕانم، لە بەغدا و بەسڕە ڕێزمان لێ دەگرن، چونکە گوتارەکەمان نیشتمانییە“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر چەندان جار، سروە عەبدولواحید و هۆشیار عەبدوڵای پەرلەمانتارانی گۆڕان لە بەغدا، دژایەتیی خۆیان بۆ خەونەکانی سەربەخۆیی کوردستان و پشتیوانییان بۆ عێراقی عەرەبی ڕاگەیاندووە و لە چەندان بۆنەدا سووکایەتییان بە پێشمەرگە و کەسوکاری پێشمەرگە کردووە.
باسنيوز
