راكان جبووری دووپات لەسەر سكاڵاكانی د. نەجمەدین كەریم دەكاتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە راكان جبووری پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت دووپاتی لەسەر سكاڵاكان و داواكانی پێشووی د. نەجمەدین كەریم پارێزگاری شەرعیی كەركووك كردەوە لە ڕووی بێباكی بەغدا بەرانبەر پارێزگای كەركووك.
جبووری ئاماژەی بەوەداوە كە حكوومەتی بەغدا هیچ بڕە پارەیەك بۆ پرۆژەكانی پارێزگای كەركووك خەرج ناكات، لە كاتێكدا بە دەیان پرۆژە لە شارەكەدا پەكیان كەوتووە.
پێشتریش د. نەجمەدین چەندین جار ڕەخنەی لە بێ باكی بەغدا گرتووە بەرانبەر ئیدارەی كەركووك و خەرج نەكردنی هیچ پارەیەك بۆ پرۆژەكانی شارەكە.
لە بەیاننامەی ئەمڕۆی پارێزگاری كەركووكدا هاتووە "تا ئێستە كەركووك هیچ بڕە پارەیەكی بۆ تەرخان نەكراوە، هیوادارین خەرجییە تەرخانكراوەكان بۆ 292 پرۆژەی كەركووك دابین بكرێت، كە لە چوارچێوەی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ شارەكە دەرچووە".
لە دوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەری رابردووەوە، كە لەلایەن باڵێكی یەكێتییەوە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام درا، لە ڕێگەی میلیشیاكانی حەشدی شیعی و سوپای عێراقەوە پارێزگاری كەركووك ناچار كرا شارەكە بەجێ بێڵێ، ئێستە راكان جبووری نوێنەری عەرەبەكان بە بریكارییەتی پۆستی پارێزگاری وەرگرتووە و چەندین بڕیاری لە دژی گەلی كورد لە كەركووك دەركردووە.
bas news-
