نەجات حەسەن: لە ئیدارەی ڕاپەڕین ئاستەنگ بۆ بانگەشەی پارتی دروست دەکرێت

 	 نەجات حەسەن: لە ئیدارەی ڕاپەڕین ئاستەنگ بۆ بانگەشەی پارتی دروست دەکرێت
لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بەبێ ھەبوونی بارەگای جێگیر، پارتی دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کردووە و بەرپرسی لقی ١١ی ڕاپەڕینیش دەڵێ، لە ئیدارەی ڕاپەڕین ئاستەنگ بۆ بانگەشەی لیست و کاندیدانی پارتی دروست دەکرێت.



نەجات حەسەن، بەرپرسی لقی ١١ی پارتی لە ئیدارەی ڕاپەڕین بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە بڕیاری مەکتەبی سیاسی و سەرووی خۆمانەوە پارتی لە دەڤەری پشدەر و بتوێن دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کردووە و ڕۆژانە ھەڤاڵان ھەریەکە و لە سنووری چالاکیی خۆیەوە کار بۆ سەرخستنی لیستی ١٨٤ی پارتیمان دەکات، بەڵام بەداخەوە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین ئاستەنگ بۆ بانگەشەی لیست و کاندیدانی پارتیمان دروست دەکرێت، کە پێویستە ئیدارەی ناوچەکە بەرپرس بێت لە پاراستنی بارەگا و چالاکییەکانی ئێمە، وەک حزب، وەک کۆمسیۆن ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، پێویستە لیست و کاندیدەکان بە ئازادانە بانگەشەی خۆیان بکەن."



بەرپرسی لقی ١١ی پارتی ڕوونی کردەوە: "لە ھەندێ شوێن پۆستەری لیست و کاندیدانی پارتی دڕێندراوە و لێکراوەتەوە، بێ ئەوەی کاندیدانی ئێمە ھیچ سەرپێچیەکی یاساییان کردبێت، بەپێچەوانەوە کاندیدانی ئێمە زۆر بە بەرپرسیارەتییەوە بانگەشە دەکەن و ناھێڵن بە ھۆی بانگەشەی ئێمەوە ئازار و زیان بە ھیچ کەس و لایەنێک بگەیەندرێت."



نەجات حەسەن گوتی: "بە ھۆی ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەک بارەگای ئێمە داخراون لە دەڤەری ڕاپەڕین، چونکە گەلەکۆمەکی لەسەر بارەگای پارتیمان ھەبوو، لەبەر ئەوەش، ئێستا خەباتی ئێمە لەو دەڤەرە وەک شۆڕشی ئەیلوولە، تا ئێوارە کادیر و ئەندامانی ئێمە کار دەکەن بێ ئەوەی بارەگایان ھەبێت و ئێوارەش لە ھەرشوێنێک مابن، ئەوێ دەکەنە بارەگای خۆیان، چونکە ھەڤاڵانی ئێمە گوێ بە ڕووداوەکانی ڕابردوو نادەن و لە خەبات بەردەوامن تا زۆرترین دەنگ بۆ لیستی خۆمان، لیستی ١٨٤ی پارتی کۆ بکەینەوە."
kdp-
Top