باڵیۆزی ئەمریکا پڕۆژەی باڵاخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکای لە ھەولێر کردەوە
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 23/4/2018، دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە وتەیەکیدا لە میانی کردنەوەی پڕۆژەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، کردنەوەی باڵاخانەی نوێی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ھەولێر، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ھەولێر پتەوتر دەکات.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئەم باڵاخانەیە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بەردەوامیی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی ھەرێمی کوردستان و خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بوونی ھەرێمی کوردستانێکی بەھێز لە چوارچێوەی عێراقی فیدرالدا“.
ئاماژەشی بەوە کرد کە پەیوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و ئەمریکا ”چەندین دەیەیە بەردەوامە و دروستکردنی ئەم باڵاخانەیە پابەندیی ئەمریکا نیشان دەدات بۆ خەڵکی کوردستان کە خەریکی دروستکردنی ئایندەیەکی باشتر بێت“.
دۆگلاس سیلیمان نەیشاردەوە کە ھەرێمی کوردستان دەبێتە دەروازەیەکی گرنگی ڕاکێشانی وەبەرھێنان بیانی، چونکە ئەزموونێکی زۆری لە بواری بازرگانیدا ھەیە. گوتیشی: ”خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە کونسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە سێبەری چیاکاندا دروست دەکەین“.
ھاوکات لە وتەیەکیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە کردنەوەی باڵاخانەی نوێی کونسوڵخانەکە نیشانەی بەردەوامی و بەھێزیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکایە و بە ھەنگاوێکی گرنگی وەسف کرد.
جەختیشی لەوە کردەوە کە کردنەوەی ئەو باڵاخانەیە نیشانەی پشتیوانیی ئەمریکا و بەردەوامیی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
ھیوای ئەوەشی خواست، ”دراوسێکان و وڵاتانی جیھان، باڵەخانەی دیپلۆماسیی خۆیان لە ھەرێمی کوردستان دروست بکەن“.
باسنيوز
