بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکانی یەکێتی بۆ بانگەشەی قەوارەکەی بەرهەم ساڵح بەکار دەهێندرێن
ئاری عومەر، لێپرسراوی راگەیاندنی مەکتەبی دارایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕايگەیاند، مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی لێژنەیەکی پێکھێناوە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێل و ئیمتیازاتەکانی ئەو کەسانە وەربگرێتەوە کە بەھۆی یەکێتییەوە وەریان گرتووە و ئێستا وازیان لەو حزبە ھێناوە و چوونەتە پاڵ قەوارەکەی بەرھەم ساڵح.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەوان چاوەڕێی وەڵامی کۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حزبەکەیان دەکەین، تاوەکوو لێژنەکەیان دەست بەکار بێت و ئۆتۆمبێلەکانی یەکێتی لای لایەنگرانی بەرهەم ساڵح وەربگرێتەوە.
بە گوتەی ئاری عومەر، هەر کەسێک لەنێو یەکێتیدا پۆستێکی دیاریکراو وەربگرێت، ”بۆ ڕاییکردنی کارەکانی یەکێتی، ئۆتۆمبێلێک وەردەگرێت، بەڵام دەبێ ھەر کاتێک ئەو کەسە وازی لە ڕیزەکانی یەکێتی ھێنا، ”پێویستە ئەو ئیمتیازاتە ڕادەستی یەکێتی بکاتەوە، بەڵام تاھەنووکە ھیچ ھاودیدی بەرھەم ساڵح ئۆتۆمبێلەکانی یەکێتی نەگەڕاندووەتەوە“.
پێشتر سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕايگەیاندبوو: ”سەرۆکی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ھەموو ئەو ئیمتیازاتانەی بۆ ئیشوکارەکانی ڕۆژانەی یەکێتی وەری گرتوون، ھیچی بۆ یەکێتی نەگەڕاندووەتەوە، تا ئێستاش ھەموو ئەو شتانە لای خۆی ماوەتەوە. ھەروەھا ھەموو ئەو بەرپرسانەی لە ئاستی پۆستەکەی ئەودا ئیمتیازاتیان وەرگرتووە، بۆ ئەویش ھەمان شت دەستەبەر کراوە، بەڵام ئێمە ئیدارەی گشتیمان ھەیە و ھەر کەسێک واز لە یەکێتی بێنێت، پێویستە ھەموو ئەو شتانە بۆ یەکێتی بگەڕێنێتەوە“.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە موڵکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن و لای بەرهەم ساڵح و لایەنگرەکانیەتین، کاروبارەکانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیان پێ ئەنجام دەدرێت.
باسنيوز
