حکوومەتی هەرێمی کوردستان: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا ستایشی کردووین

 حکوومەتی هەرێمی کوردستان: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا ستایشی کردووین
دامەزراوەیەکی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا، لە چەند بوارێکەوە ستایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.



ئەمڕۆ دووشەممە 23/4/2018، ئۆفیسی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی 20/4/2018ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای کرد.



لەو ڕاگەیاندراوەدا ڕوونکردنەوە لەبارەی ئەو خاڵانەوە دراوە کە لە ڕاپۆرتەکەی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا سەرنج و تێبینی لەبارەوە خراوەتە ڕوو و یەک بەیەک خاڵەکان و وردەکارییەکانی شیکراونەتەوە.



ئەوەش ئاشکرا کراوە کە لە هەمان ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا، ئاماژە بە چەند ھەنگاوێکی ”گرنگی“ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کراوە و ستایشی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە لە چەند بابەتێکی گرنگ وەک ”پێشوازی کردن لە ئاوارە و پەنابەران“.



ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەی ئۆفیسی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان:



رۆژی ٢٠/٤/٢٠١٨ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە جیھان بڵاوکردەوە، سەبارەت بە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش تێبینی و سەرنجی خۆیان خستۆتە روو لە بارەی چەند پرسێکی تایبەت لە بارەی یاساکانی خۆپیشاندان، رەوشی کەمایەتییە ئاینییەکان، دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی داعش، ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین، رەوشی بنکەکانی دەستگیر کردن، لە ھەمان کاتدا ئاماژەی بە چەند ھەنگاوێکی گرنگی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە لەم رووەوە و ستایشی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە لە چەند بابەتێکی گرنگ وەک پێشوازی کردن لە ئاوارە و پەنابەران.

لە بارەی خۆپیشاندانەکان، لە ھەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە خۆپیشاندان ھەیە کە بە یاسای (ڕێکخستنی خۆپیشاندان) ژمارە (١١)ی ساڵی (٢٠١٠) ناسراوە، بەپێی ئەم یاسایە خۆپیشاندان مافێکی یاسایی و دەستوورییە، بۆیە ھەر خۆپیشاندانێک لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، پێویستە مۆڵەت وەربگیرێت بۆ ئەنجامدانی.

خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ھەرێم مۆڵەتی یاساییان نەبووە و بەشێک لە خۆپیشاندەران ھێرشیان کردووەتە سەر پۆلیس. سەرەڕای ئەمەش دەزگا ئەمنییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندەران کردووە، بۆئەوەی خۆپیشاندانەکە لە مەبەستی سەرەکی خۆی دوورنەکەوێتەوە، چونکە چەند لایەنێکی سیاسی ھەوڵیانداوە سوود لە داوا ڕەواکانی خەڵک بە گشتی و بەتایبەتی چینی مامۆستایان وەربگرن و خۆپیشاندانی مامۆستایان بە لاڕێدا ببەن بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان.

ھەروەھا ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دراونەتە دادگا بە تۆمەتی ئەوەی کاری تێکدەرانەیان ئەنجامداوە، خودی خۆپیشاندانەکەش مۆڵەتی یاسایی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێم ئامادەن بۆ لێکۆڵینەوە لە ھەر پێشێلکارییەک کە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامدرابێت.

ئازادی رۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین بە پێی یاسا رێکخراوە لە ھەریمدا بۆیە بە سەدان ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن ھەن لە ھەرێمی کوردستان کە بەپێی ڕێوشوێنی تایبەت مۆڵەتی کارکردنیان ھەیە و مافی ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران بە پێی یاسا پارێزراوە. لە کاتی بوونی ھەر حاڵەتێک کە دژ بە ڕێنماییەکانی ڕۆژنامەگەری لە ھەرێمی کوردستان و پێشێلکردن بێت یان بچێتە خانەی تەشھیر و ناوزڕاندن ئەوا کار بە یاسای سزادانی عێڕاقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی ھەموارکراو دەکرێت.

داخستنی چەند کەناڵێکی راگەیاندن بە بڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێم بووە وبەم پێیەش بڕیاری داخستنی چەند کەناڵێکی دەرکرد. بە ھۆی ھاندانی توندوتیژی بە مەبەستی درووستکردنی پشێوی و شڵەژاندانی خەڵک و تێکدانی ئارامی و سەقامگیری و بەپێی یاسایی نەھێشتنی تیرۆر، ھاندانی خەڵک و نانەوەی پشێوێ ڕێگاخۆشکەرە بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدرانە.

دەستگیر کردنی ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە داعشەوە ھەیە و دادگایی کردنیان یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی پێکراوە. ئاشکرایە بەشی ھەرەزۆری راگوێزراوان لە رێگای ساترەکانی پێشمەرگەوە روویان لە ھەرێم کردووە، بەڵام لە ساتر ھیچ جۆرە لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەیەک لە ناوەکاندا ناکرێت و سەنتەرەکانی پێشوازی فلتەری یەکەمە بۆ جیاکردنەوەی ناوەکانیان و پێویستە وردبینی لە زانیارییەکان بکرێت. پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە سەنتەرەکانی پێشوازی تەنھا تۆمارکردنی زانیاری و پرسیارکردنە لە ناو و شوێنی نیشتەجێبوونیان و بە شێوەیەکی ئاشکرا بە بەر چاوی خەڵک و رێکخراوەکانەوەیە پرسیار و وردبینیەکە ئەنجام دەدرێ. دواتر ئەو زانیاریانەی کە لە راگوێزراوان وەرگیراوە بۆ سەرچاوەکانی زانیاری دەنێردرێن بۆ دڵنیا بوون لە راستی و دروستییان، دوای دەستگیر کردنی کەسانی گومانلێکراو یان داواکراو کەسوکاریان لە دەستگیرکردن و تۆمەتەکان ئاگادار دەکرێنەوە ،ماوەی مانەوەیان لەلایەن ئاسایش تەنھا (٢٤) کاتژمێر بووە ئەگەر دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتبێت کە پەیوەندییان بە تیرۆریستانەوە ھەیە ڕەوانەی دادگای تایبەت کراون و ئەگەر ھیچ بەڵگەیەکی درووستیان لەسەر نەبێت ئەوا ئازاد کراون.



لە ھەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٦ کە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە پەیڕەو دەکرا، ئەو یاسایە تا ١٦/٧/٢٠١٦ کاری پێکرا. بەڵام ئێستا لە ھەرێمی کوردستان بۆ دادگایی کردنی ئەو کەسانەی بە کاری تیرۆریستییەوە تێوەگلاون کار بە یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی ھەموار کراو دەکرێت.

بەشێوەیەکی گشتی لایەنە ئەمنییەکان چەند رێوشوێنێکی تایبەت دەگرنە بەر لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی گومانی پەیوەندیکردنیان بە داعشەوە لێدەکرێت و ئەوانەی کە دەستگیر دەکرێن ھەموو مافێکیان ھەیە وەک سەردانی کردن و بوونی پارێزەر ھەروەھا کەسوکاریشیان لە دەستگیرکردنیان ئاگادار دەکرێنەوە.

لە بارەی یەکسانی و پاراستنی مافەکانی ئافرەتان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا حکوومەتی ھەرێم ئەوەی لە توانایدا بووە لە رێگەی دامەزراوە و ریکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان کردوویەتی بۆ ئەوەی دیاردەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان کەم ببێتەوە و بەرەو نەمان بچێت، ھەروەھا بەردەوام ھاوکاریی ئەو ئافرەتانەیشیان کردووە کە روویان لە شەڵتەرەکان کردووە بە جۆرێک کە لە ماوەی رابردوودا بە سەدان ئافرەت روویان لە شەڵتەرەکانی داڵدەدان کردووە و پاش ھاوکاریکردنیان لەلایەن شەڵتەرەکانەوە و چارەکردنی بەشێکی زۆری کێشەکانیان بەشێکی زۆریان کەسیان شەڵتەرەکانیان جێ ھێشتووە.



حکومەت زەوییەکی فراوانی تەرخان کردووە بۆ ئەوەی بکرێتە بینایەی بۆ شەڵتەری ھەولێر و نەخشەکەشی ئامادە کراوە، بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە کارەکان دواکەوتوون و لە ئیستادا دراوە بەچەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی ھەروەھا لە شەڵتەرەکان دایەنگا کراوەتەوە بۆ ئەو ئافرەتانەی کە منداڵیان لایە. لەم دایەنگایە توێژەری کۆمەڵایەتی و فەرمانبەری بەشەکە سەرپەرشتییان دەکەن. ئەو منداڵانە تا تەمەنی ٥ ساڵ لەگەڵ دایکیان دەبن و ھەموو پێداویستییەکیان بۆ دابین دەکرێت لە شەڵتەر، بەڵام لە دوای ٥ ساڵی لەدایکیان جیا دەکرێنەوە لەرێگەی پۆلیسی نەوجەوانانەوە رەوانەی خانەی منداڵان دەکرێن.



ھەنگاوانەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ناویەتی بۆ پاراستنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ بەڵام ئاستەنگ و گرفتی زۆر بۆ حکومەت درووستبووە گرنگرینیان گرفتیی ئابووری بۆتەوە، سەرەڕای ئەوەش حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ھەماھەنگی و ھاوکاری کردن لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان بۆ خستنە رووی راستییەکان و دەرخستنی ئەو ھەنگاوانەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ناویەتی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پابەند بوون بەو پرەنسیپە کار پێکراوەکان لەم بارەوە لە ئاییندەیەکی نزیکدا وەڵامێکی تێروتەسەلی راپۆرتی ناوبراو دەدەینەوە.



ئۆفیسی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان

٢٣/٤/٢٠١٨




باسنیوز
Top