راگەیەندراوی فراكسیۆنی پارتی لەبارەی دەسكاریكردنی مووچەی پاسەوانانی وەزارەتی ناوخۆ

راگەیەندراوی فراكسیۆنی پارتی لەبارەی دەسكاریكردنی مووچەی پاسەوانانی وەزارەتی ناوخۆ



ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاندراوێكی لەبارەی بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زیادكردنی بڕى دوو مليار دينارى مانگانە بۆ مووچەی پاسەوانانی سەر بە وه‌زاره‌تى ناوخۆ بڵاوكردەوە.


لە راگه‌یاندراوەكەی فراكسیۆنی پارتی لەبارەی مووچه‌ی پاسه‌وانانەوە هاتووە "له‌ ماوه‌ی رابردوودا ئێمه له‌ فراکسیۆنی پارتی بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ مووچه‌ی یه‌که‌ی پاسه‌وانی داواكاریمان پێشكه‌شی رێزدار سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كرد و به‌ وردی و جیدی له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان له‌ وه‌زارتی ناوخۆ و دارایی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌سه‌ر خه‌ت بووین".


هەروەها تیایدا هاتووە "به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ به فه‌رمانی جه‌نابی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیران فه‌رمانی زیادكردنی مانگانە بڕی دوو ملیار دینار بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەمەبەستی باشکردن و دەستکاریکردنی بڕی پاشەکەوتی مووچەی پاسەوانان ده‌رچوو".


فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیدا سوپاسی سه‌رۆك وه‌زیرانی كردووە، ئاماژەشی بەوە داوە كە هەوڵ و ماندووبوونی وه‌زارەتی ناوخۆ و دارایی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ به‌رز ده‌نرخێنن. هاووڵاتیان و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیشیان دڵنیا كردووەتەوە كه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی گشت مافه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن.


ئەمڕۆ یەكشەممە وه‌زاره‌تى دارايى و ئابووریی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بەبڕیاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت، بڕى دوو مليار دينارى مانگانەی ته‌رخان كرد بۆ وه‌زاره‌تى ناوخۆ به‌مه‌به‌ستى ده‌ستكاريكردنى بڕی پاشه‌كه‌وتى مووچەی يه‌كه‌كانى پاسه‌وانى.

bas news-
Top