٢٧ ھەزار خانووی زێدەڕۆ لە دھۆک تاپۆ دەکرێن
ھەڤاڵ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی پارێزگای دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ژمارەیەک ڕێنمایی بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی پارێزگای دھۆک دەربکرێن و دواتر پڕۆسەی تاپۆکردن دەست پێ دەکات، لە چوارچێوەی یاسادا ھەموو ئەو خانووانەی پێشتر بە شێوەی زێدەڕۆیی دروست کراون لە سنووری دھۆک و قەزا و ناحیەکانی سەر بەو پارێزگایە، بە گوێرەی ڕێنماییەکان تاپۆ دەکرێن لەسەر خاوەنەکانیان، بە گوێرەی دواین زانیاری ژمارەی ئەو خانووانەی تاپۆیان نییە و بە شێوەی زیادەڕۆیی دروست کراون ٢٧ ھەزار خانووە."
ھەڤال ئەحمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پێشتر ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتیانی پارێزگای دھۆک ڕەزامەندیی وەرگرتنی پارچە زەوییان ھەبووە، بەڵام تا ئێستا سوودمەند نەبوونە، بڕیارە ئەوانیش زەوییان بەسەردا دابەش بکرێت، بەتایبەتی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و ئەوانەیشی پێشتر ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانیان ھەبووە بۆ پێدانی زەوی، لە ئایندەیەکی نزیکدا زەوییان بەسەردا دابەش دەکرێت و پڕۆسەی دابەشکردن دەست پێ دەکات."
kdp-
