نەجیبە نەجیب: عەرەبی شیعە لە عێراق بە نیازی پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینەیە

 نەجیبە نەجیب: عەرەبی شیعە لە عێراق بە نیازی پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینەیە
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات لایەنە شیعەكانی عێراق كار بۆ پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینە دەكەن و دەنگی پێویستیش بۆ ئەو مەبەستە بەدەست دەهێنن، هۆشداریش دەداتە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان.

نەجیبە نەجیب، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی پارتی دیموکرات لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا رای گەیاند: "لایەنە شیعەكان لەم هەڵبژاردنەدا زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان بەدەست دەهێنن و لە هەڵبژاردنەكانی 2010 و 2014 بەهێزتر دەبن".

ئەو پەرلەمانتارە کوردە گوتیشی: "شیعەكانی عێراق لە ئێستاوە لە هەوڵی پێكهێنانی حكوومەتێكی زۆرینە دان و "دەتوانن ئەم هەنگاوەش بەبێ كورد ئەنجام بدەن و بەو پێیەی زۆربەی دەنگەكان شیعە دەبن و پاڵێوراویش بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكوومەتی عێراق هەر شیعە دەبێت".

ئەو ئەندامەی پەرلەمان هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە ئەگەری نەبوونی بەرنامەیەكی هاوبەش و دەڵێت "رەنگە شیعەكان وەك رووكەش بەشداری بە بەشێك لە لایەنە كوردستانییەكان بكەن، بەڵام ئەمە مەترسییەكی گەورە لەسەر كورد دروست دەكات".

نەجیبە نەجیب جەخت دەكاتەوە كە جگە لە هاوبەشی راستەقینە هیچ شتیكی دیكە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا نابێت، بۆیە لەسەر هێزە سیاسییەكان پێویستە بە بەرنامەیەكی هاوبەشەوە بچنەوە بەغدا، تاكوو وەك هاوبەش بمێنینەوە و ئەگەر ئەمە نەكرێت سەرجەم مافەكانی كورد دەكەونە بەر لەناوچوون و مەترسییەوە".










باسنیوز
Top