سەرکردەیەکی گۆڕان لە ساڵی 2014: دەستوور مافی چارەی خۆنووسینی بە میللەتانی عێراق داوە

 سەرکردەیەکی گۆڕان لە ساڵی 2014: دەستوور مافی چارەی خۆنووسینی بە میللەتانی عێراق داوە
بزووتنەوەی گۆڕان لە ماوەی چوار ساڵدا، دژیەکییەکی ئاشکرا لە گوتاریدا دەردەکەوێت و لە کاتی گەشەی ئابووریی هەرێمی کوردستاندا کە ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان هەبووە، باسیان لەوە کردووە کە دەستووری عێراق ”لە حاڵەتی پابەندنەبوون پێیەوە“، مافی چارەی خۆنووسینی بە گەلانی عێراق داوە. ئێستا لێی پاشگەز بوونەتەوە.

لە 8ی تەمووزی 2014دا، حاکم شێخ لەتیف کە یەکێکە لە سەرکردەکانی گۆڕان، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، دەستووری عێراقی ڕێگەی بە گەلانی عێراق داوە، شەراکەتی ئارەزوومەندانەی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەر وەک ئەوەی هەیە، بەندەکانی دەستوور جێبەجێ نەکرێت.

ڕوونیشی کردووەتەوە کە لە دیباجەی دەستوورەکەدا بە دەق ئاماژە بەوە کراوە کە پابەندبوون بە دەستوورەکە، یەکێتیی گەل و زەوی و سەروەریی عێراق دەپارێزێت.

حاکم شێخ لەتیف باسی لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردستان کردووە و ڕای گەیاندووە: “ئەو مافە بە پێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دابین کراوە، لە پێش هەموویاندا پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ساڵی 1966 کە عێراق لە 1970 پەسەندی کردووە.

دەشڵێت: ”لەو پەیماننامەیەدا بە دەق هاتووە کە هەموو گەلێک مافی چارەی خۆنووسینی هەیە، هەروەها ئازادە لە هەڵبژاردنی ناوەندە سیاسییەکەی و بەدیهێنانی گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی خۆی”. دووپاتیشی کردووەتەوە کە ئەو مافە نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی عێراق فەراهەم کراوە.

ئەم هەڵوێستەی گۆڕان لە ساڵی 2014 لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەکە لە سەرەتای ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا بوو لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ئێستا دوای چوار ساڵ، بزووتنەوەی گۆڕان و کاندیدانی بزووتنەوەکە لە پێناو هەڵمەتی هەڵبژاردندا، نکۆڵی لەو مافەی گەلی کوردستان دەکەن و هاوشێوەی نەیارانی سەربەخۆیی کوردستان، داوای دادگاییکردنی ئەوانە دەکەن کە لە ڕیفراندۆمدا بەشدارییان کردووە و بە “ڕیفراندۆمچی” ناویان دەهێنن.

چاودێران پێیانوایە ئەم هەڵوێستەی ئێستای گۆڕان لە پێناو ڕازیکردنی هەندێک لایەنی عێراقییە بۆ ئەوەی وانیشان بدەن، هەستی عێراقچێتییان تێدایە.













باسنيوز
Top