کامیل ژیر: قسەکانی یوسف محەمەد لە قسەی کەسێکی سەرلێشێواو دەچن
کامیل ژیر، سیاسەتمەدار و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری حزبی (کاژیک) ڕایگەیاند: "پرسی ڕیفرۆندۆم بە دەسکەوتێکی گرنگی گەلی کورد دادەنرێت، چونکە خەڵکی کوردستان، بە ڕێژەیەکی بەرچاو پشتگیریی خۆیان لەو پرسە نیشتمانییەدا کردووە، بێگومان لە کاتی خۆیدا ڕیفراندۆم کراوە، چونکە دەسەڵاتی عێراق لە قۆناغێکی لاوازدا بووە، ھەروەھا ناوچەکەش مەترسیی تیرۆریستانی داعشی تێپەڕاندبوو، بۆیە ئەگەر یوسف محەمەد، بەو شێوەیە باسی ڕیفراندۆمی کردبێت، من پێم وایە قسەکانی گوزارشت لە بۆچوونێکی سەقەت دەکات، یانی چی گەلێک داوای سەربەخۆیی بکات، تۆ بڵێی ئەبێ دادگایی بکرێن؟ من ئەوە بە شتێکی سەیر دەزانم".
ئەو نووسەرە کوردە گوتیشی: "دادگاییکردن بۆ کەسێکی تاوانبار دەبێت، بێگومان کەسێک تاوانێکی نەکردبێت دادگایی ناکرێت، بۆیە ڕیفراندۆم تاوان نییە، بە پێچەوانەوە ئەوانەی ڕێفراندۆمیان کردووە، ئەرکێکی نیشتمانییان بەجێ گەیاندووە، چونکە ڕیفراندۆم خواستی میللەتی کورد بووە".
کامیل ژیر، ئاماژەی بەوەش دا: "بەداخەوە دەڵێن یوسف محەمەد، کەسێکە قانوونی تەواو کردووە، بەڵام ئەوە بۆچوونی خۆیەتی و بۆچوونەکەشی لای کەس پەسەند ناکرێت، چونکە قسەکانی لە قسەی کەسێکی سەرلێشێواو دەچن".
باسنیوز
