مستەفا چاوڕەش: ڕیفراندۆم تاوان و خیانەت نییە و ئەگەر سبەینێ ڕیفراندۆم بکرێتەوە، جارێکی دیکەش بە دەنگی (بەڵێ) پشتگری لە ریفراندۆم دەکەم
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ڕیفراندۆم تاوان و خیانەت نییە، بەڵکو مافی ڕەوای میلەتی کوردە بێگومان لە ٩٢%ی خەڵکی کوردستان، بە دەنگی (بەڵێ) دەنگی بە ڕیفراندۆم داوە و سەرۆکی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پشتگیری ڕیفراندۆمیان کردووە و دەنگیان پێی داوە“.
ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی، ئەوەشی خستە ڕوو: ”گرفتی ئێمە تەنھا ڕیفراندۆم نییە، چونکە دوای شەڕی نەگریسی داعش، ئەگەر ڕیفراندۆمیش نەبوایە، عێراق ھەموو ئەم شتانەی بەرامبەر دەکردین، بۆیە ھەموو میللەتێکی زوڵملێکراو مافی ئەوەی ھەیە کیانێکی سەربەخۆی ھەبێت و بڕیار لە مافی چارەی خۆنووسین بدات“.
ئاشکراشی کرد کە ئەوانەی قسە بە ڕیفراندۆم و پرسە نیشتمانییەکان دەڵێن، ھەرچەندە وەڵام دراونەتەوە، بەڵام پێویستە خۆشیان وەڵامی خۆیان بدەنەوە، چونکە ئەم میلەتە چەندین شۆڕشی کردووە، بۆ ئەوەی خاوەنی کیانێکی خۆی بێت، لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان، دەریایەک خوێن بەخشراوە.
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ (باسنیوز)، ڕوونیشی کردەوە: ”ئەگەر بەیانی ڕیفراندۆم بکرێت، جارێکی دیکە بە دەنگی (بەڵێ) دەنگ بەڕیفراندۆم دەدەم، چونکە خەباتمان بۆ سەبەخۆیی کوردستان کردووە، ئەی ئێمە چەکمان بۆ چییە؟ بۆ ئەوەی تەنھا پێوەی بسووڕێینەوە؟ بۆیە ڕەنگە قۆناغێک بێتە پێشەوە ئێمەش ببینە خاوەنی دەوڵەتی کوردی و کیانێکی سەربەخۆمان ھەبێت“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر، یوسف محەمەد، کاندیدی گۆڕان لە چوارچێوەی بانگەشەکانی هەڵبژاردنیدا ڕای گەیاند، دەبێت ”ڕیفراندۆمچی“یەکان دادگایی بکرێن. لە بەرامبەریشدا ڕێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕای گەیاند، کورد بەردەوام بەشی خۆی ”خیانەتکاری“ تێدا بووە و ”جاشەکانیش لە سەردەمی بەعسدا دژی میللەتی خۆیان دەوەستانەوە“.
باسنیوز
