پەیامی مەکتەبی سەرۆک بۆ گۆڤاری گوڵان

پەیامی مەکتەبی سەرۆک بۆ گۆڤاری گوڵان
گوڵان ئەو شانازییەی هەیە كە متمانەپێكراوترین گۆڤاری سیاسیە لە كوردستان
بەبۆنەی بسیت و چوارهەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان، مەكتەبی سەرۆك بارزانی پەیامێكی ئاراستەی سەرنووسەر و ستاڤی گۆڤارەكە كردووە كە ئەمە دەقەكەیەتی:
بەڕێزان سەرنووسەر و ستافی گۆڤاری گوڵان
سڵاو و ڕێز.
بەبۆنەی بیست و چوارەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی خۆشەویست دەکەین.
ئێوە ئەو شانازییەتان هەیە کە گۆڤارەکەتان تەمەندرێژترین و پڕخوێنەرترین و متمانەپێکراوترین گۆڤاری سیاسییە لە کوردستان. کارکردن لە گۆڤارێک کە ئەرکی پاراستنی متمانە و بڕوابەخۆبوونی تاکەکانی گەلەکەی لەئەستۆ گرتووە، خەباتێکی پڕ سەروەرییە، بەتایبەتییش کە سەرەڕای دۆخی خراپی ئابووری، ئێوە ماندوویینەناسانە بەردەوام بوون و بەگیانێکی پێشمەرگانەوە درێژەتان بەکارەکانتان دا.
گوڵان جگە لەوەی گۆڤارێکی سیاسییە و ڕۆشنبیریی گشتی بڵاو دەکاتەوە، لەهەمان کاتدا وەک ناوەندێکی گرینگی دیالۆگ و بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەی سیاسی کاری کردووە و بووەتە پردێک بۆ پێکەوە بەستنی ڕۆشنبیرانی کوردستان و دەرەوە و ناوەندێک بۆ دیالۆگی بیروڕا جیاوازەکان . جێی پێزانین و دەستخۆشییە کە سەرەڕای هەموو ئەو کارانە گوڵان بە چاپکردنی ژمارەیەک کتێب و لێکۆڵینەوەی سیاسی خزمەتێکی زۆری بە کتێبخانەی کوردی و ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان کردووە.
ھیوادارین ستافی ماندوویینەناسی گوڵان ھەر بەو ڕوحییەتە پێشمەرگانەیە بۆ بڵاوکردنەوەی ھەستی بڕوابەخۆبوون و نیشتیمانپەروەری بەردەوام بن.
بەو ھیوایەی ساڵی نوێی تەمەنی گۆڤارەکەتان، ساڵی بەردەوامی و پێشکەوتنی زیاتر بێت. دەستخۆشیتان لێ دەکەین و ئومێدی سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.



مەکتەبی سەرۆک
٢١ـی٤ـی٢٠١٨
Top