بە بۆنەی تێپەربوونی 24 ساڵ بەسەر دەرچوونی گۆڤاری گوڵان
گۆڤاری گوڵان یەکێکە لەو پڕۆژە ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنیانەی کوردستان کە لە ماوەی بیست و چوار ساڵی ڕابردودا خزمەتێکی زۆری بە بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاری خەڵکی کوردستان کردوە، بۆیەش خۆم بە شەڕەفمەند دەزانم کە دامەزرێنەر و یەکەمین سەرنوسەری بووم. ئەم گۆڤارە شانازی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی رۆژنامەنووسی و میدیایی کوردستانی هەیە، ئەویش پێشکەشکردنی جۆرێکی گونجاو لە میدیای نائۆرگانی حزبی بوو. گوڵان سەرباری نەشاردنەوەی لایەنگری خۆی لە پابەندبوون بە ڕێبازی بارزانی، بوارێکی فراوانی بۆ ڕای جیاجیا کردەوە و دیفاعی لە پێگەی دەنگە رەخنەگر و ئۆپۆزسیۆنەکان دەکرد. ئەو ڕێبازە ئێستاش وەک ئامانجی سەرەکی گوڵان بەردەوامە.
هەبوونی گۆڤارێک کە بیروڕا بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی کوردستان پێشنیار دەکات، پێویستییەکی دیارە، بە هەمان ئەندازەش پێگەیاندنی کادری شارەزا لەو بوارە نوێیەدا ئەرکێکی سەخت و پیرۆزە. گوڵان لەو پێناوەدا کارێکی زۆری کردوە و شانازییەکی زۆری پێ بڕاوە. ڕێباز و نووسەرەکانی گوڵان لە هەموو دەزگاکاندا دەبیندرێن.
هیوادارم گوڵان لەسەر ئەم ڕیبازە بەردەوام بێت و پێشکەوتن و گەشانەوە بۆ گۆڤارەکە دەخوازم.
سەرۆ قادر
