لە کاتی بانگەشەدا پێشێلكاری دژی ژنان بەپێی یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت
پەخشان زەنگەنە، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمانی سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا رای گەیاند "پێشێلكارییەكان بەرامبەر بە كاندیدانی لایەن سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار".
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە هەماهەنگیی ئەوان لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دژی ئەو پێشێلكارییانەی كە بەرامبەر بە كاندیدانی ژن دەكرێت بەردەوامە، بەڵام "بۆ بەشێك لە پێشێلكارییەكان ناچارین پەنا ببەینە بەر وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی دادوەری.
ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمان باس لەوەش دەكات: "سەرجەم ئەو پێشێلكارییانەی كە بەرامبەر بە پاڵێوراوانی ژن هەبووە تۆمار كراون، "هەموو هەوڵێكی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ سزادانی ئەو كەس و لایەنانەی كە دەبنە هۆی زڕاندنی ناوی پاڵێوراوان.
لە رۆژی 15ی ئەم مانگەوە و لەداوی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چەندین پێشێلكاری و هێرشی جۆراوجۆر كراوەتە سەر كاندیدە ژنەكانی لیستە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان.
باسنیوز
