شاندێکی پارێزگای سلێمانی سەردانی بەغدا دەکات

 شاندێکی پارێزگای سلێمانی سەردانی بەغدا دەکات
پارێزگاری سلێمانی، ئاماژە بەوە دەدات، کە شاندێکی پارێزگای سلێمانی سەردانی بەغدا دەکات و چەند بابەتێک لەبارەی پارێزگاکەیانەوە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا تاوتوێ دەکەن.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ڕایگەیاند: ”سبەینێ یەکشەممە 22\4\2018، شاندێکی پارێزگای سلێمانی سەردانی بەغدا دەکات، ئامانج لە سەردانەکەش کردنەوەی خاڵە سنوورییەکانە لەگەڵ ئێران، بەتایبەت خاڵی سنووریی پشتە، هەروەها چارەسەرکردنی سێکتەری کارەبا و بەدواداچوون بۆ داواکاری کارمەندانی هەردوو بەنداوی دەربەندیخان و دوکان دەکەین، کە داوایان کردووە مووچەکانیان بخرێتەسەر حکوومەتی فیدراڵ“.

پارێزگاری سلێمانی، ئەوەشی خستە روو، کە ئەوان لە میانەی سەردانەکەیاندا کەسانی پەیوەندیدار بە ئەو تەوەرانە دەبینن، هەروەها دەشیانەوێت خانەی دەستنووس لە سلێمانی بکرێتەوە، بۆ ئەوەش داوای پاڵبشتی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەکەن.

ئاشکراشی کرد، کە بابەتێک لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی باس دەکەن، لەبارەی پارەی دانەوێڵەی جوتیاران کە هی ساڵی ڕابردووە، گوتیشی: ”خۆم سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکەم، هەروەها بە ئەندامیەتی هەریەکە لە بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی و فەرماندەی لیوای سێی پاسەوانی سنوور دەبێت“.










باسنیوز
Top