حاجی کاروان: چەند لایەنێک لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگ ئەخلاقی منداڵەکانمان تێکدەدەن
حاجی کاروان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو لە لێدوانێکدا، رەخنە لە ژمارەیەک لایەنی سیاسی بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەگرێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگدا رێگەی نامەشروع دەگیرێتەبەر.
حاجی کاروان ڕوونیشی کردەوە: ”ئێمە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوو ھێزی زۆر گەورەی عێراق داین کە ئەوانیش شیعە و سونەن کە ھەموو مافەکانی کورد ئێستا لەژێر دەسەڵاتی ئەوان دایە، باشتروایە کە بانگەشەکانمان لەو چوارچێوەیەدا بێت“.
بە بڕوای حاجی کاروان، ”ئاساییە رەخنەمان بەرامبەر بە یەکتر ھەبێت، بەڵام ئەوەی کە نائاساییە، ئەو ھەموو بوختان و جنێودان و تەشھیرکردنەیە بەیەکتر، لەکاتێکدا لەبری ئەمکارە، پێویستە بانگەشەکانمان بۆ گەڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکانمان بێت“.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان باسی لەوەش کرد، ئەوەی کە ئێستا لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا دەکرێت، ”دەرچوونە لە عورفی ھەڵبژاردن“ و گوتی: ”خەریکە لە سنووری ئەدەب و کوردەواری و دین دەردەچێت، سەرۆک لیستە و جنێوی ناشیرین دەدات، منەڵەکان و نەوەی تازە فێری جنێودان دەکات".
پێشتر ژمارەیەکی زۆر لە چاودێران و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان لە کات و شوێنی جیاوازدا ڕەخنەی ئەوەیان لە هەندێک لایەنی سیاسیی تازە گرتووە، بەوەی لە سیاسەتی گشتییاندا بە شێوەیەکی بەرچاو پشت بە لەباربردنی سومبولە نەتەوەیی و بەها نیشتمانییەکان دەبەستن و لەنێو لایەنگرانیاندا ژمارەیەکی یەکجار زۆر کەسانی جنێودەر هەیە. لەم چوارچێوەیەشدا عەزیز ڕەئوف، نووسەر لە وتارێکیدا کە لەبارەی کێشەی نێوان دوو هەڵسووڕاوی گۆڕان نووسیبووی، ئاشکرای کرد کە ”هیچ حزبێکی کوردستان بەقەد گۆڕان ئەندامی جنێودەری تێدا نییە“ و ”ئەگەر کەسیان دەست نەکەوێ، جنێو بە خۆیان دەدەن“.
باسنیوز
