ڕێباز بێرکۆتی بۆ یوسف محەمەد: لە سەردەمی بەعسیش جاشەکان سەنگەریان لە میللەتی خۆیان دەگرت

 ڕێباز بێرکۆتی بۆ یوسف محەمەد: لە سەردەمی بەعسیش جاشەکان سەنگەریان لە میللەتی خۆیان دەگرت
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بە توندی وەڵامی قسەکانی یوسف محەمەدی کاندیدی گۆڕان دەداتەوە و دەڵێت: ”کورد بەردەوام بەشی خۆی خیانەتکاری تێدا هەبووە“.

دوای ئەوەی یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان لەمیانەی پانێڵێکدا باسی دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کرد، کە ڕیفراندۆمیان ئەنجام داوە و بە "ڕیفراندۆمچییەکان" ناوی بردن. ڕێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ڕایگەیاند: "ڕیفراندۆم ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بووە کە گەلی کورد ھیچ ستەمێکی نەکردووە جگە لەوەی ڕاپرسیی کرد، کە دوای ١٠٠ ساڵ لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە گەورەکانی جیھان، بەپێی ئەم ھەلومەرجەش توانیومانە داوای سادەترین مافی خۆمان لە ناوچەکە بکەین".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەم بەڕێزانە بەم مۆراڵ و گێرەشێوێنی و بەم کوشتنی ڕۆحی نەتەوەییە لە ناخی تاکی کورد و زیانگەیاندن بە پرسی نەتەوەییمان ھیچ سوودێک وەرناگرن، ھەروەھا ڕیکلام و بانگەشەکردن بۆ ھەڵبژاردن یاسا و ڕێسای خۆی ھەیە، پێم وابێت کارێکی زۆر نەشیاوە تۆ بێیت و لەسەر حیسابی ململانێی سیاسی دەنگ کۆ بکەیتەوە، یان لە ھەستی کەسانێک بدەیت و باردۆخەکە بقۆزیتەوە بۆ ھەندێک دەنگ، کە ئەم گەلەکۆمەکییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە لەسەر میللەتی ئێمە کراوە".

ڕێباز بێرکۆتی یوسف محەمەد بە ”سەرۆکی لەکار لابراوی پەرلەمانی کوردستان“ دەزانێت و پێی دەڵێت: ”تۆ دەبێ داوای دادگایی خەڵکانێک بکەیت کە زەربەی گەورە و کوشندەیان لە میللەتی ئێمە داوە، نەک داوای دادگاییکردنی ئەم حزبانە بکەی، کە بە ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان ھەستاون، ھەروەھا دەبێ ئەو حزبانەی بە ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان ھەڵنەستاون، ڕۆژگارێک حەق و حساباتیان لەگەڵدا بکرێت کە بە چ شێواز و نەھجێک سیاسەتیان کردووە، چونکە بوونە ھۆکاری ئەوەی بێ‌ڕێزی لە شەقامی کوردستان و شکاندنی شکۆی دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان، ھەروەھا دۆخی برسیبوونی خەڵک و ئەم قەیرانەی بەرۆکی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە".

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: "بە یوسف محەمەد و ھاوبیرەکانی دەڵێم، پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و عێراق بەتایبەتی بەرەو پێشەوە دەبات و داوای مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین، ھەروەھا خەونی سەربەخۆیی بوونمان لەگەڵ ھەموو ئەو ئاستەنگانەی لە پێشماندایە قەت لێ دوورناکەوینەوە".

لەبارەی سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕان و میتۆدی ئەوان بۆ دۆزی کورد، ڕێباز بێرکۆتی ڕوونی کردەوە: "کورد دەمێکە وەک میللەتێک بەشی خۆی خیانەتکاری ھەبووە، وەک زۆربەی میللەتان. لە سەردەمی ڕژێمی بەعسیشدا جاشایەتی ھەبوو کە سەنگەریان لە میللەتی خۆیان دەگرت بە پارەیەکی کەم ڕووبەڕووی ھێزی پێشمەرگە دەبوونەوە، ئەمانەش ئەمڕۆ ھەمان ئەو کەسانەن بە شێوازێکی جیاوازتر بە جلوبەرگ و زمانێکی جیاوازتر دژایەتیی دۆزی کورد و بەھا نیشتمانییەکانی میللەتی ئێمە دەکەن، ئێمە پێمان خۆش نەبوو کە ئەوان بکەونە ئەو سەنگەرە، چونکە ھەمیشە داوای یەکڕیزیی میللەتمان کردووە، لەبەر ئەوەی ئەتوانین بە یەکڕیزی بگەینە ئامانج، بەڵام ئەوان ناچارمان دەکەن ئێمەش بەو زمانە وەڵامیان بدەینەوە".









باسنیوز
Top