عەبدوڵای کوێخا موبارەک: پێشمەرگە ئەگەر پێشمەرگە بێت ، نابێ لە ھەڕەشەی خیانەتكارانی 16ی ئۆکتۆبەر بترسێت

عەبدوڵای کوێخا موبارەک: پێشمەرگە ئەگەر پێشمەرگە بێت ، نابێ لە ھەڕەشەی خیانەتكارانی 16ی  ئۆکتۆبەر بترسێت
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان بە توندی هێرشی کردە سەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەوە تۆمەتباری کرد کە هەڕەشەی ڕاگرتنی سزادانی پێشمەرگە دەکات و داواشی کرد، ”لە هەڕەشەی فسفس پاڵەوانەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر نەترسن“.



عەبدوڵای کوێخا موبارەک، لێپرسراوی مەکۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان، لە نووسینێکیدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەفسەرێک لە سنووری چەمچەماڵ بە پلەی لیوا، هەڕەشەی سزادانی ئەو پێشمەرگانەی کردووە کە دەنگ بە لیستەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نادەن.



موبارەک نووسیویەتی: ”پێشمەرگە ئەگەر پێشمەرگە بێت و لە مانای ناوەکەی خۆی تێ بگات، نابێ لە ھەڕەشەی فسفس پاڵەوانەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بترسێت کە نەک ھەر کەرکووکیان دا بە دەستەوە، بەڵکو شەرواڵ و پێڵاوەکانی خۆشیان جێ ھێشت لە ترسی حەشدی شەعبی“.



ئەو ”جۆرە ئەفسەرانە“شی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە بری خولی ئەکادیمی و سەربازی، ”بە ماستاوچێتی“ و شتی دیکە، بەو پلەیە گەیشتوون. دووپاتیشی کردووەتەوە، پێشمەرگە نابێ پشتیوانی لەوانە بکات کە بە ھەڵەی سیاسی و ”خیانەت“ پێشمەرگەیان شکست پێ ھێنا و شکۆی بەرزیان شکاند“.



رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، ملیلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کەرکووک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەیان داگیر کرد، دواتر هەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووک کە ئەوکاتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوو، هەروەها شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و بەرپرسی هێزەکانی ٧٠ی یەکێتی ئەوەیان ئاشکرا کرد کە گرووپێکی نێو حزبەکەیان خیانەتیان کردووە و ڕێککەوتنی نهێنییان لەگەڵ حەشدی شەعبی ئەنجام داوە و ناوچەکانیان ڕادەست کردوون.





باسنیوز
Top