عێراق لە لێواری کەوتنی ئابووریی دایە..کاندیدێکی پارتی پڕۆژەمان هەیە

عێراق لە لێواری کەوتنی ئابووریی دایە..کاندیدێکی پارتی پڕۆژەمان هەیە
ئابووریناسان دەڵێن، عێراق بەهۆی گەندەلییەوە کەوتووەتە ژێرباری قەرزێکی سەختەوە، عێراق لە لێواری داڕمانی ئابوورییە، کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێ، پڕۆژەمان بۆ دەربازکردنی عێراق لە قەیرانی ئابووریی هەیە کە دەبێ سامانی گشتیی بەهەدەر نەدرێ.

نه‌وزاد شێخ كامیل بەرپرسی ئابووری ناسانی کوردستان لە لقی سلێمانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، بەهۆی خراپی بەڕێوەبردنی سیستەمی حوکمڕانی ٣١%ی دانیشتوانی عێراق لە خوارەوەی هێڵێ هەژارییەوەن، ١٣ هەزار کارگەی بەرهەمهێنان داخراون، ٤٨ ملیۆن دۆنم زەزی لە ڕووی کێڵانەوە دەستی لێ هەڵگیراوە و تەنیا ١٢ ملیۆن دۆنمی لێماوە، ١٣٠ ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی هەیە.

دەشڵێ، بەرهەمهێنانی نیشتمانی کەمیکردووە و داهاتی تاکەکەس بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیووە و دەستبۆیەدەکی بانکی ناوەندی بردراوە، قەرزی ناوخۆیش لە پای قەرزی دەرەکیدا رۆژ بە رۆژ رووی لە زیادبووندایە، بۆیە بەم جۆرە عێراق لە لێواری کەوتنی ئابووریدایە.

نەوزاد شێخ کامیل، ئاماژەیشی دا کە گەندەلی لە عێراقدا زۆرە و ناشەفافی لە داهاتدا هەیە، ئەگەر کورد بتوانێ بەبەرنامە لە عێراقدا کاربکات بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و بەگوێرەی دەستووری عێراقی فیدراڵ پشکی خۆی وەربگرێ لە داهاتەکان و سیستەمی داهات شەفافبکرێ، ئەوا ئەو کاتە عێراق لە کەوتنی ئابووریدا رزگاری دەبێ.
هێشوو عەلی مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕ لە بواری ئابووریدا کە کاندیدی ژمارە ١٣ی لیستی ١٨٤ پارتییە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، پڕۆژەمان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گەندەڵییەی لە عێراقدا هەیە بۆ ئەوەی داهاتەکان بە یەکسانی دابەشبکرێن و سیستەمەکە شەفاف بکرێ، هەروەها بۆ پشکی کوردستانیش بەگوێرەی دەستوور کە ١٧% هەموو هەوڵێک دەدەین.

هێشوو عەلی دەڵێ، عێراق زۆرجار بۆ پەردەپۆشکردنی گەندەڵییەکانی خۆیان دێن باسی هەرێمی کوردستان دەکەن و تۆمەت بە هەرێمی کوردستان دەکەن، عێراق وا لە لێواری کەوتنی ئابووری دایە بۆیە ئێمە بەتوندترین شێوە رووبەڕووی ئەو ناشەفافییەی داهات لە عێراقدا دەبینیەوە.
kdp-
Top