پێشنیارێك بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى مووچه‌ى پۆلیسی پاسه‌وانى ده‌خرێته‌ڕوو

 پێشنیارێك بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى مووچه‌ى پۆلیسی پاسه‌وانى ده‌خرێته‌ڕوو
ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان، ئاشكراى ده‌كات هه‌وڵه‌كانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و وه‌زاره‌تى دارایی بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى مووچه‌ى پۆلیسی پاسه‌وانى به‌رده‌وامه‌ و پێشنیارێكیش بۆ كۆتایی هێنان به‌و كێشه‌یه‌ ده‌خاته‌ڕوو.

ئاواز حه‌مید، ئه‌ندامى لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، رايگه‌یاند: ”بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ى كه‌ بۆ هه‌موو به‌شه‌كانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ دیارىكراوه‌ نزیكه‌ى 10‌ ملیار دیناره، ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ بۆ وه‌زاره‌ته‌كه‌ ته‌رخان كراوه‌ كێشه‌ى مووچه‌ی هێزه‌كانی به‌رگری، فریاكه‌وتن و زێره‌ڤانی چاره‌سه‌ركردووه‌، به‌ڵام كێشه‌ى مووچه‌ى پۆلیسی پاسه‌وان كه‌ نزیكه‌ى 40 هه‌زارن به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوى ماوه‌ته‌وه“‌.

ئه‌و پەرلەمانتارەی فراكسیۆنى پارتى، ئەوەشی خستە روو، کە‌‌‌‌ به‌بێ تێپه‌ڕاندنى پڕۆژه‌ چاكسازییه‌كه‌ كه‌ ئێستا له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، هه‌ر چاره‌سه‌رێكى دیكه‌ كاتى ده‌بێت و ئه‌گه‌رى دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى ده‌بێت.

ئاشکراشی کرد، به‌ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ كێشه‌ى پۆلیسی پاسه‌وانى، سه‌رجه‌م كێشه‌ ئیداری و داراییەکان چاره‌سه‌ر ده‌بن، گوتیشی: ”ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ كلیلى هه‌موو ئه‌و كێشه‌ ئیدارى و داراییانەیە‌ كه‌ له‌ئێستادا ئێمه‌ هه‌مانه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌ن و حزبه‌كان پێویسته‌ پشتگیرى بكه‌ن".










باسنيوز
Top