كاندیدێكی پارتی: مووچە و شایستە داراییە زەوتكراوەكانی خەڵكی كوردستان وەردەگرینەوە
دكتۆر محەممەد عەزیز، شارەزای ئابووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی بە بڕیارێكی سیاسی، بەغدا مووچە و بودجەی ھەرێمی كوردستانی بڕی و، بە ھۆی دابەزینی بەھای نەوت لە بازاڕەكانی جیھاندا، ھەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێكی سەختی ئابووری بووەوە، ھۆكارەكانی بەدەر بوون لە توانای حكوومەت، چونكە لەگەڵ بڕینی بەشەبودجەی ھەرێم لە لایەن بەغداوە، شەڕی داعش بەسەر خەڵكی كوردستاندا سەپا و حكوومەت ھەر ئەوەندەی لە توانادا بوو بیدات بە فەرمانبەران."
بەر لە چەند ڕۆژێك، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، لە پرێسكۆنفرانسێكدا ئاشكرای كرد، ناردنی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە، مانگانە بەردەوام دەبێت و بە ھیچ شێوەیەك نابڕێت و ھاتنی پارە لە بەغداوە، كاتی نییە.
ئاورینگ شێخ جەمال بەرزنجی، كاندیدی ژمارە ٢٧ی لیستی ١٨٤ی پارتی لە سنووری پارێزگای ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "خەمی ھەرە لەپێشینەی پارتیمان ئەوە بووە تا پێمان بكرێت كار بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان بكەین، ھەموو ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستانیش گەواھیی ئەوە دەدەن، كە لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا بەغدا بە بڕیاری سیاسی بودجەی بڕی، پارتی چۆن ھەڵوێستی وەرگرت، ئێستایش ئەگەر بە شێوەیەكی ئاشتییانە بەغدا ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان دابین نەكات، پارتی مكوڕ دەبێت لەسەر ھەڵوێستی خۆی، چونكە بڕینی قووتی خەڵكی سڤیل سزایەكی بێویژدانانە بوو."
وەك دكتۆر محەممەد عەزیزیش ڕوونی كردەوە: "ھەرێمی كوردستان بە تایبەت نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، توانی بە ھەوڵی خۆی و لە ڕێگەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانییەوە، گوشار بخاتە سەر حكوومەتی بەغدا تا بڕیار بدات بە خەرجكرنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، بەمەیش پێداچوونەوە بە سیستمی پاشەكەوتی مووچەدا كرا و لە قۆناغی دابێ پاشەكەوت بە تەواوی ھەڵدەگیرێت، ئەمەیش دەبێتە ھۆی ئەوەی ڕەوشی ئابووریی ھەرێمی كوردستان ئاسایی ببێتەوە."
لەبارە كاری داھاتووی پەرلەمانتارانی پارتی بۆ دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان، ئاورینگ شێخ جەمال دەڵێ: "ھەموو ھەوڵێك دەدەین تا ئەوەی لە دەستووردا ھاتووە و شاییستە و داراییی خەڵكی كوردستانن، دەبێ وەریان بگرینەوە، جگە لەوەیش مووچە ھەر مافێكی سروشتی و یاساییی خەڵكی كوردستانە، چەندین پارەی دیكەی خەڵكی ھەرێمی كوردستانیش لە لایەن بەغداوە زەوت كراوە، لەوانەیش پارەی جووتیارانی ھەرێمی كوردستانن".
kdp -
