بۆ لیستی 184 لە دهۆك، پارتی ململانێ لەسەر كورسیی نۆیەم دەكات

 بۆ لیستی 184 لە دهۆك، پارتی ململانێ لەسەر كورسیی نۆیەم دەكات
بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە دهۆك دەڵێ "پارتی لە رۆژانی تەنگانەدا رووبەرووی هەموو هێرشێك بووەتەوە و لە بەرپرسیارەتییش ڕای نەكردووە، بۆیە بە دڵنیاییەوە ململانێ لەسەر كورسیی نۆیەم دەكەین بۆ لیستی 184ـی پارتی لە دهۆك".

پارێزگای دهۆك، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، 11 كورسیی بۆ دیاری كراوە و، پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەم پارێزگایەدا لە هەڵبژاردنی پێشوو 8 كورسیی بە دەست هێناوە و بۆ ئەمجارەیش بە لیستی ژمارە 184 بەشدارە.

خالید ئەحمەد دۆسكی، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە دهۆك، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دەركەوت كە لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان نیازی چییان هەبوو بۆ ئەوەی كوردستان بە ئاقارێكی تردا بڕوات، بەڵام پارتی لە رۆژانی تەنگانەدا ڕووبەڕووی هەموو هێرشێك بووەوە كە دەكرایە سەر كوردستان و لە بەرپرسیارەتییش ڕای نەكرد، بۆیە دوای ئەو چوار ساڵەی تێمانپەڕاند، بارودۆخێكی زۆر گونجاوە بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان تاوەكوو بڕیار لەسەر هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بدەن".
بەرپرسی مەكتەبی هەلبژاردنی پارتی لە پارێزگای دهۆك ڕاشیگەیاند: "جێگای شانازییە بۆ كادیر و لایەنگرانی پارتی بە سەربەرزییەوە لەناوخەڵكدا بن، چونكە پارتی لە رابردوودا هەنگاوی سەربەخۆیی نا و هەوڵی دوژمنانیشی بۆ داگیركردنی كوردستان پووچەڵ كردەوە و داعش و حەشدی تێك شكاند".
لەبارەی لیستە نوێیەكانیشەوە، دۆسكی گوتی: "ئەو حیزبانەی كە هەڵقوڵاوی ناتەبایی ناو حیزبەكانی سلێمانین، نەیانتوانی كێشەی ناوخۆی حیزبەكانیان چارە بكەن یاخود ئیدارەی سلێمانی بە شەفافانە بەڕێوە بەرن و ببنە جێگای باوەڕی خەڵك لەو سنوورەدا و خەڵكیان تووشی دڵەڕاوكێ كردووە لە ئەنجامی ئەو ناتەباییەیان، بۆیە ئەوانە نەیانتوانی لەسەر ئاستی سلێمانی واقیعێكی باش پێشكەش بكەن و، لەسەر ئاستی كوردستانیشدا ناتوانن بەو درووشمە بریقەدارانەیان بە ئامانج بگەن، دووپاتیشی دەكەمەوە كە بارودۆخی كوردستان وا دەخوازێت، بۆ دەستخستنی پلە و پۆستی كەسی، نایانگەیێنێتە هیچ ئامانجێك، ئەمەیش لە 16ـی ئۆكتۆبەردا زۆر بە ڕوونی دەركەوت، بۆیە دەبێت یەكڕیز و تەبا بین بۆ ئەوەی دەستكەوتی زیاتر بۆ گەلی كوردستان لە بەغدا بەدەست بێنین، لێرەدا دیارە لیستەكانی تر نامۆن و بەدوای دەستكەوتی شەخسییەوەن و خەڵكی كوردستانیش بە گشتی دەیەوێت ئاییندەی دیار بێت، بۆیە خەڵك خۆی دەداتە دەستێكی ئەمین تا مساوەمە لەسەر خۆیان و مافەكانیان نەكات، هەر لەبەر ئەوە، لە دهۆك پەیامێكی وایان پێ نییە تا جێگای خۆیان لە دڵی خەڵكدا بكەنەوە، چونكە نە دەستكەوتیان لە رابردوودا هەبووە و نە بۆ ئاییندەیش پڕۆژەیان هەیە".

ئەو هەروەها دەشڵێ: "پارتی لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا هەشت كورسیی هەبوو، بۆ ئەمجارەیش بە دڵنیایی و متمانەیشەوە ململانێ لەسەر كورسیی نۆیەم دەكەین بۆ لیستی 184ـی پارتی دیموكراتی كوردستان".

kdp -
Top