مەسرور بارزانی: پێویستە هەرچی زووە رەوشی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکرێتەوە
بەپێی راگەیەندراویک، رۆژی پێنجشەممە 19/4/2018، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جەنەرال وۆلتەر پایێت، فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کردووە.
لە کۆبوونەوەیەکدا، مەسرور بارزانی و جەنەڕال وۆڵتەر پایێت تاوتوێی دوا پەرەسەندەکانی ناوچەکە و پێشخستنی زیاتری میکانیزمی هەماهەنگی دوو لایەنە لە پێناو رێگری لە سەر هەڵدانەوەی هەڕەشەی تیرۆریزمیان کردووە.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە فراوانبوونی چالاکییە تیرۆریستییەکان لە هەندێ ناوچەی سووریا و عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کردووە و “بە زەنگێکی مەترسیدار”ی داناوە.
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە پێویستی زانیوە بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەموو لایەنەکان هەماهەنگی بکەن و “هەرچی زووتر”یشە کار بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەو ناوچە کوردستانییانە بکرێت.
مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پێشمەرگە هێزێکی دەستووریی و کارای شەڕی دژ بە تیرۆرە و ئاماژەی بە پێویستیی پاڵپشتیی و هاوکاریی زیاتری ئەو هێزە کردووە.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، جەنەڕال وۆڵتەر پایێت رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر بە کاریگەر وەسف کردووە و رایگەیاندووە، “هێزەکانی هاوپەیمانان لە هاوکاری و مەشقی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن”.
باسنيوز
