بەئاگاداریی عەبادی لێپرسینەوەی وەزیرەکان بۆ بەرژەوەندیی چەند مافیایەک بەکار هێندراوە

بەئاگاداریی عەبادی لێپرسینەوەی وەزیرەکان بۆ بەرژەوەندیی چەند مافیایەک بەکار هێندراوە


ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، کۆمەڵێک پەرلەمانتار بە ھاوکاریی مافیاکان، رۆڵیان ھەبووە لە دوورخستنەوەی ژمارەیەک وەزیری حکوومەتی عێراق. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەم ھەنگاوە بە ئاگاداریی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە.



شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، راگەیاند: "لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ژمارەیەک پەرلەمانتار کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، مەلەفیان لەسەر ئەو وەزیرانە دروست دەکرد کە پارەیان پێ نەدەدان".



ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: "ئەو وەزیرانەی کە گەندەڵ بوون، نەدەھێنرانە پەرلەمان، چونکە پرۆژە و پارەیان بەو ژمارە پەرلەمانتارە دەدا، بە پێچەوانەوە ئەو وەزیرەی کە پارەی نەدەدا و تەسلیمی ئیرادەی پەرلەمانتاران نەدەبوو، دەھاتن مەلەفیان لەسەر دروست دەکردن و لەناو پەرلەمان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرا".



شاخەوان عەبدوڵا دەشڵێت: "لە حاڵەتی دروستکردنی مەلەفە دروستکراوەکاندا وەزیرەکە دەبوو بچێت سەرۆکی ئەو فراکسیۆنانە بە پارە بکڕێت، ئەگەر گەندەڵ بوایە، ئەوەی دەکرد و ئەگەر ئەوەی نەکردایە، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرا و بە بیانووی جیاواز، متمانەی لێ وەردەگیرایەوە".



ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەش کرد کە دۆسیەی ھۆشیار زێباری و وەزیری دارایی عێراق و خالید عوبێدی، وەزیری بەرگریی عێراق کە کۆمەڵێک لە مافیاکانی سوننە داوای چەکیان لێ کردبوو، “لەو چوارچێوەیەدا بوون".

بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵا: "ئەوکاتە خودی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو راستییانەی دەزانی، بەڵام کە ئێستا قسەی لەسەر دەکات، تەنیا بۆ ئەوەیە بیسەلمێنێت کە حکوومەتەکەی گەندەڵ نەبووە".



ڕۆژی سێشەممە ١٧/ ٤/ ٢٠١٨ لە دوای دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، حەیدەر عەبادی بۆ یەکەمجار دانی بەوەدا نا کە لەسەر کار لادانی وەزیرەکانی کابینەکەی، بەھۆی کێشمەکێشمی سیاسیییەوە بووە، نەک تۆمەتی گەندەڵی.



هەر ئەو کاتەی پەرلەمانی عێراق هەوڵی سەندنەوەی متمانەی لە خالید عوبەیدی، وەزیری پێشووی بەرگریی عێراق دەدا، عوبەیدی لەنێو هۆڵی پەرلەمانی عێراق ئەوەی ئاشکرا کرد کە سەندنەوەی متمانەکەی بەهۆی ئەوەیە، ئەو پێشنیازانەی ڕەت کردووەتەوە کە لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتار و لەنێویشیاندا سەرۆکی پەرلەمان، ئاراستەی کراوە و “سەرجەمیان گەندەڵی بوون”.

bas news-
Top