بەرپرسێکی یەکێتی: بەرهەم ساڵح بەرامبەر بە مام جەلال سپڵە دەرچوو

 بەرپرسێکی یەکێتی: بەرهەم ساڵح بەرامبەر بە مام جەلال سپڵە دەرچوو
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە بەرھەم ساڵح، ئەو دەنگانە ناھێنێ کە چاوەڕێی دەکات. ئەوەش ئاشکرا دەکات کە بەرھەم ساڵح ”ئۆتۆمبێلەکانی یەکێتی بۆ بانگەشەی لیستەکەی بەکار دەھێنێت“.

ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانی، ڕايگەیاند: ”ھەڵبژاردنی ئەمجارە ھەڵبژاردنێکی جیاوازە، چونکە لیستی نوێ ھاتووەتە کایەوە، ئەمەش دەنگی حزبەکان بەگشتی کەم دەکات، بەجۆرێک پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ناتوانن دەنگەکانی پێشوو بەدەست بھێننەوە، بەڵام یەکێتیی لەشاری سلێمانی، کورسییەکانی کەم ناکات، ڕەنگە لە حەویجە و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە دەنگەکانی یەکێتی کەم بکات“.

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی ئەوەشی خستە ڕوو، قەوارەکەی بەرھەم ساڵح، دەنگی لایەنە سیاسییەکانی دیکە بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت، چونکە ”خەڵک حەز لەوە دەکات، دەنگ بە لیستی نوێ بدات، ھەرچەندە بەرھەم ساڵح، ئەو کورسییانە ناھێنێت کە خۆی چاوەڕێی دەکات“.

ئاشکراشی کرد کە پێش ئەوەی بەرھەم ساڵح بچێتە ناو ڕیزەکانی یەکێتی، لە زانکۆکانی ئەمریکا قوتابی بووە، بەڵام ”مام جەلال دەستی بەرھەم ساڵحی گرتووە و کردوویەتی بەم کەسەی ئێستا ھەیە. کەچی بەداخەوە بەرھەم ساڵح بەرامبەر بە مام جەلال بێوەفا و سپڵە دەرچوو، ئەگەر بێوەفا نەبوایە، لە کاتی گیان لەدەستدانی مام جەلال، لە یەکێتیی جیا نەدەبوویەوە“.

ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی گوتیشی: ”بەرھەم ساڵح، موڵکی یەکێتی لایە، بەتایبەتی ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە بەھۆی یەکێتییەوە وەری گرتووە، ئێستا بۆ بانگەشەی حزبەکەی بەکاری دەھێنتێت، جگە لەوەش شتی دیکەی لایە، پێویستە ھەموو ئەو ئیمتیازاتانە بگەڕێنێتەوە بۆ ئیدارەی گشتیی یەکێتی“.









باسنيوز
Top